داتا نەرێنییەکانی ئەمەریکا نرخی زێڕ بەرزدەکاتەوە
نرخی زێڕ زیاتر بەرزدەبێتەوە
K24 – ههولێر:
نرخی زێڕ بۆ چوارەمین رۆژی مامەڵە لە بەرزبوونەوە دایە، بە تایبەت دوای بڵاوبوونەوەی داتا نەرێنییەکانی ئەمەریکا کە گوزارشت لە مەترسییەکانی لاوازبوونەوەی گەشە دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە وەبەرهێنەران چاوەڕێی راپۆرتی کەرتی کاری ئەمەریکا دەکەن، ئەوەش راستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر پێشبنییەکان بە دووبارە دیاریکردنەوەی رێژەی سوود لە لایەن بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا.
دەوروبەری کاتژمێر 7:25 بە کاتی هەولێر، نرخی زێڕ لە مامەڵە خێراکاندا بە رێژەی 0.2% بۆ 1507.93 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە،
هەروەها نرخی ئەو کانزا زەردە لە مامەڵە داهاتووەکانی ئەمەریکا بۆ 1513.80 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بەرزبووەوە.
بە گوێرەی رووپێوەییەکی رۆژی پێنجشەممە، چالاکی کەرتی خزمەتگوزاری ئەمریکا بۆ کەمترین ئاستی 3 ساڵی رابردووی لە مانگی ئەیلوولدا دابەزیووە، ئەوەش بە هۆی نا دڵنیاییەکەن لە سەپاندنی پێناسی گومرگی، بڵاوبوونەوەی داتای نەرێنییەکانی ئابووری کە لەم چەند رۆژەی رابردوودا بڵاوکرایەوە.
هاوکات دۆلاریش بە شێوەیەکی کەم بەرامبەر سەبەتەی 6 دراوە سەرەکییەکە دابەزی.
H.J