مەسرور بارزانی: حکوومەتی هەرێم لە کەمکردنەوەی ئازاری ئێزدییەکان درێغی ناکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بەبۆنەی جەژنی (جەمایێ) ئێزدییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە
K24 – ههولێر:
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی جەژنی جەمایێ لە ئێزدییەکان دەکات و لە پەیامێکدا پابەندی حکوومەتی هەرێم بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازاری ئێزدییەکان دووپات دەکاتەوە.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەی نووسیویەتی: "خوشک وبرایانی ئێزيدى لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی مەینەتی و رۆژانی سەخت بوونەوە. ئومێدەوارین لە ژێرسایەی کەشی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی هەرێمی کوردستان ئەو رۆژە سەختانە تێپەڕێنن".
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم هاتووە: "حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەرچی لە توانایدا بێت درێغی ناکات بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانیان و قووڵترکردنەوەی گیانی بەیەکەوەژیان و تەبایی نێوان پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان".
دەقی پەیامەکە:
پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی ( جەمایێ)
بەبۆنەی جەژنی (جەمایێ) گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستە خوشک وبرایانی کوردی ئێزيدی لە کوردستان و جیهان دەکەم . هیوادارم لە کەشێکی ئارام و پڕ لە خۆشیدا ئەم جەژنە بکەنەوە .
خوشک وبرایانی ئێزيدى لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی مەینەتی و رۆژانی سەخت بوونەوە. ئومێدە وارین لە ژێرسایەی کەشی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی هەرێمی کوردستان ئەو رۆژە سەختانە تێپەڕێنن و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەرچی لە توانایدا بێت درێغی ناکات بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانیان و قووڵترکردنەوەی گیانی بەیەکەوەژیان و تەبایی نێوان پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2019/10/5
H.J