مەلا بەختیار باسی ھەوڵێكی تیرۆر كردنی دەكات

دوو ئۆتۆمبێل خۆیان بە ئۆتۆمبێلەكەیدا تەقاندووەتەوە

K24 - ھەولێر

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باس لە ھەوڵێكی تیرۆر كردنی دەكات و دەڵێ، خۆكوژەكان بە دوو ئۆتۆمبێل خۆیان بە ئۆتۆمبێلەكەی ئەودا تەقاندووەتەوە.

لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی یادی ئەو رۆژە دەكاتەوە كە لە سلێمانی ھەوڵی تیرۆركردنی دراوە و لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی: "بەیانی رۆژی 5/10/2005 لە كاتێكدا لە گردی سەرچنار بۆ رێكخراوە دیموكراتییەكان كەوتبومە ڕێ‌. گەیشتینە بەرامبەر (ئەبوسەنا) كاتێكم زانی، دوو سەیارەی خۆكوژ، خۆیان بەسەیارەكەمدا تەقاندەوە".

مەلا بەختیار، دوای 14 ساڵ ئەو رووداوە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "چركەساتێك لە ناو ئاگری دۆزەخی رقی خۆكوژەكان، مان ‌و نەمان، سەرەتاتكێی لەگەڵ خۆم ‌و مەفرەزەی پارێزەرمان دەكرد. كە لە سەیارە دابەزیم، پارچە پارچە لاشەی خۆكوژەكان لە دەوربەردا، كەوتبوو".

ئاماژە بەوەش دەكات: "ئەو هەوڵە، شەشەمین هەوڵی تیرۆكردنم بوو، لەژیانی پێشمەرگایەتی ‌و سیاسیمدا. هەر زوو دەركەوت، ئەو خۆكوژانە، راسپێردراوی (القاعیدە) بون. هەر ئەمانیش بون، لە پیشانگای كتێبی نێودەوڵەتی فرانكفۆرت، دوای چەند ساڵێك، دوانی تریان، كوردێك و ئەفغانیەك، ویستیان تیرۆرم بكەن. پۆلیسی ئەڵمانیا گرتنی، لەو ساڵانەدا، بۆم دەركەوت. تیرۆریستان، زۆر لە بیروباوەڕی دیموكراتخوازەكان دەترسن. بەڵام بەداخەوە، تائێستاش، لەبەرامبەر ئەم تاریك پەرستانەدا، بیروباوەڕ فەرامۆش كراوە. لەسەر ئەو بیروباوەڕو ململانێیە، لەبری پشتیوانی دژایەتیش دەكرێین".

باسی لەوەشكردووە: "لەم هەوڵەدا، كرێكارێك شەهید كرا و سێ‌ پێشمەرگەمان بریندار بوون".

ھ.م