"هاوپەیمانی کوردستانی" دروشم و پەیڕەوی لیستەکەی دیاری دەکات

ئەمڕۆ لە هەولێر لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە هاوپەیمانی کوردستانی کۆدەبنەوە

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ یەک شەممە، لایەنەکانی بەشدار لە "لیستی هاوپەیمانی کوردستانی" بۆ دیاریکردنی پەیڕەو و دروشمەکانی لیستەکە کۆدەبنەوە.

محەمەد جەلیل، ئەندامی ناوەندی هەڵبژاردنی کۆمەڵی ئیسلامی، لە بارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بە کوردستان24ی راگەیاند: "22 لایەن بەشدارن لەم لیستەدا و ئەوەی جێی دڵخۆشییە ئەوەیە کە تاکو ئێستا هیچ گرفتێک نەهاتووەتە پێش"

راشیگەیاند: "لە بارەگای کۆمەڵی ئیسلامی ئەمڕۆ گفتوگۆ لەسەر پیڕەو و دروشمەکان دەکەین".

ئاماژەی بەوەشدا: "دوێنێ دوا وادە بوو بۆ رادەستکردنی ناوی هاوپەیمانێتییەکە، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەکان ئەو کارە نەکراو و وادەکە بۆ 20ی مانگ درێژ کرایەوە".

لە کۆبوونەوەی پێشووی لایەنەکان لە سلێمانی، عەبدولرەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووتری کەرکووک، بە سەرۆکی لیستەکە هەڵبژێردرا و لۆگۆ و ناوی لیستەکەش، دەستنیشانکران.

بڕیارە 01/04/2019 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق ئەنجام بدرێت و لایەنە کوردستانییەکان لە کەرکووک، دیالە، سەڵاحەدین و نەینەوا بە یەک لیست بەشداریی دەکەن.

H.J