لە هەولێر کوڕێک باوکی خۆی کوشت
پۆلیسی هەولێر زانیاری لەبارەیەوە بڵاودەکاتەوە
K24 – ههولێر:
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی هەولێر، کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ لە هەولێر، کەسێک بە دەستی کوڕەکەی کوژراوە و دواتر کوڕەکەی دەستگیر کراوە.
پۆلیس لە دانپێدادانی بکوژەکە ئاشکرایکردووە، هۆکاری کوشتنەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، باوکەکە لە دایکی بکوژەکەی داوە و کێشەی خێزانیان هەبووە.
رائد هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەگوێرە لیکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، کوڕەکە گوللـەکەی لەدەست دەرچووە و ویستویەتی چەکەکە لە باوکی بسەنێت".
دەقی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر:
ئەمڕۆ، رێکەوتی (06/10/2019)، کاتژمێر (12:00) نیوەڕۆ، بنکەی پۆلیسی دەشتی هەولێر ئاگادار کرانەوە بە بوونی رووداوێکی کوشتن لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ کە دەکەوێتە سنوری قەزای دەشتی هەولێر.
دوای گەیشتنی پۆلیس، دەرکەوت کەوا باوکێك بەناوی (یونس عمر قادر) لەدایکبووی (1973)، کە کەمئەندامی سەنگەرە؛ لەلایەن کوڕێکی خۆی بەناوی (رابەر) لەدایکبووی (1992)، کوژراوە.
بەڕێز (مقەدەم – کاروان مامند میرانی)، پێیراگەیاندین کەوا دوای ئاگادارکردنەوەیان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و توانیویانە بکوژەکە دەستگیر بکەن. هەروەها بکوژەکە دانی ناوە بە تاوانەکە.
بە وتەی بکوژەکە، هۆکاری کوشنتی باوکی دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی خێزانی. گوایە باوکی لە دایکی داوە و هەوڵی داوە بە چەك لەویش بدات، بۆیە ئەویش چەکەکەی لێ وەرگرتووە و چەند فیشەکێکی لێداوە و بۆتە هۆی کوشتنی.
هەروەها بە وتەی دراوسێکانیان، ئەم خێزانە چەند منداڵێکیان نەخۆشی دەروونیان هەیە.
دوای ئەنجامدانی رێکاری یاسایی، تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادی کرا و وتەی تۆمەتبار وەرگیرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخراوە و خراوەتە بەردەم بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە.
H.J