نەوت گەورەترین دابەزینی هەفتانە تۆمار دەکات

بەهۆی سستبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان

K24 – هه‌ولێر: 

گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی خاو بەر لە کۆتایی هاتنە هەفتە بەرزبووەوە، بەڵام لە ئاراستەی دابەزینی بەردەوامە بەرەو گەورەترین دابەزینی هەفتانە هەنگاو دەنێت، کە هۆکارەکەی مەترسییەکانە لە سستبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان.

دەوروبەرەی کاتژمێر 09:03 بە کاتی هەولیر، گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 0.2% و 12 سەنت بۆ 57.83 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە.

لە هەمان کاتدا، گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی سووکی تێکساس بە رێژەی 0.2% و 9  سەنت بۆ 52.54 دۆلار بۆ هەر به‌رمیلێك بەرزبووەوە.

بەڵام لەم هەفتەیەدا نرخی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 6.6% دابەزیووە، ئەوەش گەورەترین دابەزینی هەفتانەیە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە، نەوتی خاوی تێکاساسیش لە هەمان هەفتەدا بەرێژەی 6% دابەزیووە، ئەوەش گەوەرەترین دابەزینی هەفتانەیە لە مانگی تەمووزەوە.

هاوکات داتا لاوازەکانی کەرتی خزمەتگوزاری و گەشەی کار، دڵەڕاوکێکانی زیاترکردووە لەسەر خواستی نەوتی جیهانی، هەروەها مەترسییەکان لە جەنگی بازرگانی نیوان ئەمریکا و چین بەردەوامە.

لە لایەکی دیکەوە داتاکانی باس لە سستبوونەوەی چالاکی نەوتی لیتەیی و هەڵکۆڵینی بیری نەوتی دەکات لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەمێک پاڵپشتی لە نرخی ئێستای نرخی نەوت کردووە.