دوای خۆپیشاندانەکان نرخی کاڵا لە عێراق گران دەبێت

خواست بۆ کڕینی دۆلار لە عێراق زیاد دەکات

K24 – هه‌ولێر:

دوای رەوانەوەی خۆپیشاندانەکان لە بەغداو چەند پارێزگایەکی دیکە بازاڕی سەوزە و میوە  قەرەباڵخی پێوە دیارە، بەڵام لەھەمانكاتدا بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەکییەکان بە دی دەکرێت.

 بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە بەغدا رایگەیاند، سووتەمەنی ئۆتۆمبێلیان بەسەر 18 وێستگە لە بەشی کەرخ و رەسافەی پایتەختی عێراق دابەشکردووە.

ھەروەھا سەرجەم وێستگەکان شەوی رابردوو سووتەمنیان بەسەر دابەشکراوە، و قەیرانی سووتەمەنی چەند رۆژی رابردوو بە تەواوی بنبڕ کراوە.

لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیاکانی ئاڵووگۆڕی دراو دوای داخرانیان لە رۆژانی رابردوو جارێکی دیکە دەستیان بەکار کردووەتەوە، بەڵام بە گوتەی بازرگانێکی دراو، بەشێوەیەکی بەرچاو کڕینی دراوی قورس بە تایبەت دۆلاری ئەمریکی زیادیکردووە، ئەوەش بە هۆی ترسەکان لە روودانی قەیرانی ئابووری و داڕمانی بەهای دیناری عێراقی.

چەند سەرچاوەیەکی ئەمنیش رایانگەیاندووە، دەروازەکانی پایتەخت لە بەردەم بارهەڵگری کاڵاکان کراوەتەوە، و رێوشوێنەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچن.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەو بارهەڵگرانەی لە پارێزگاکانی دیکەوە  کاڵا خۆراکییەکان بۆ بەغدا دەگوازنەوە زۆر بە توندی و بە چڕی پشکنیان بۆ ئەنجامدەدرێن.

لەو بارەیەوە ژووری بازرگانی بەغدا دەڵێت: دوای هەڵگرتنی قەدەخەی هاتووچۆ دۆخەکە باشتر بووە، بەڵام خەڵک ترسیان لێ نیشتووە جارێکی دیکە ئاڵۆزی رووبداتەوە، بۆیە کاڵای زۆر کۆگا دەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە لە رۆژی سێشەممەی هەفتەی رابردووەوە، خۆپیشاندانەکان لە بەغدا دەستیپێکرد و خۆپیشاندەران داوای چاککسازی خزمەتگوازری گشتی و هەلی کار و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیان دەکرد.

H.J