ئەردۆغان هەڵکەری گڵۆپی سەوز بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان ئاشکرا دەکات

دۆخی باکووری سووریا تێکدەچێت

K24 – هه‌ولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، سوورن لەسەر هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا و هێزەکانی ئەمەریکا دەستیان بە کشانەوە کردووە.

ئەردۆغان راشیگەیاند، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە دەرکراوە.

کۆشکی سپی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکی چاوەڕوانەکراودا بڵاویکردەوە، ئەمەریکا هێزەکانی لە باکووری سووریا دەکشێنێتەوە.

كۆشكی سپی روونیکردووەتەوە: "ئەمەریكا زۆر فشاری خستە سەر ئەڵمانیا و فەرەنسا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا بۆ ئەوەی چەكدارە داعشە دەستگیركراوەكانیان و خێزانەكانیان وەربگرنەوە، بەڵام ئامادە نەبوون، بۆیە ئەمەریكا چیدیكە ناچار نییە خەرجی ئەو چەكدارانە بكات و لەمەودوا توركیا بەرپرسی یەكەم دەبێت لە لەخۆگرتنی تەواوی ئەو چەكدارانە".

ئەم راگەیەندراوەی کۆشکی سپی لە دوای ئەوە هات، شەوی رابردوو ئەردۆغان و ترەمپ پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامدا.

لای خۆیەوە، فەرماندەی گشتی ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) راگەیەندراوێكی لەبارەی كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان و ئۆپەراسیۆنی توركیا بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "ئەمەریكا پابەندی ئەركی خۆی نەبوو، ھێزەكانی لە سنوورەكانی توركیا كشاندووەتەوە".

لە راگەیەندراوی ھەسەدە ھاتووە: "ئێستا توركیا ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر رۆژھەڵات و باكووری سووریا دەكات، ئەمەش كاریگەری زۆر دەكاتە سەر شەڕی داعش و ئەو ئاسایش و ئارامییەی لە ناوچەكە بە دەستھاتووە لەناو دەچێت".

فەرماندەیی گشتی ھەسەدە ئاماژەی بەوەشكردووە: "بێ دوو دڵی ھێزەكانمان بەرگری دەكەن".

رێدوان بێزار، پەیامنێری كوردستان24 لە ئاشکراکردنی دواین زانیاری رایگەیاند: "ھێزەكانی ئەمەریكا چەند بارەگایەكیان لە گرێ سپی رۆژئاوای كوردستان چۆڵكرد و كشانەوە".

H.J