جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا گرنگی سەردانەکەی لاڤرۆڤ بۆ هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو

"رووداوێکی مێژووییە، ئەمە یەکەم سەردانی جەنابیانە بۆ ئەم هەرێمە دڵگیرە"

K24 – هه‌ولێر:

میخایل بەگدانۆڤ جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، بە كوردستان24ی راگەیاند، گرنگی سەردانی وەزیری دەرەوەی رووسیا بۆ ھەرێمی كوردستان تەنیا لە گۆڕینەوەی بیروبۆچووندا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو پرسی کورد و ئاڵوزییەکانی عێراق و پرسی سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کرا و لە دیدارەكانیش باس لە باشتركردنی پەیوەندییەكان و پرسی وزە و گەشتیاریی كرا.

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا بە کوردستان24ی راگەیاند: "سەردانی  وەزیری دەرەوەی ئێمە بۆ هەولێر روداوێکی مێژووییە، ئەمە یەکەم سەردانی جەنابیانە بۆ ئەم هەرێمە دڵگیرە، دیداری لەتەک سەرۆکایەتی و سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی دۆستەکانی دیكە لە سەرۆکایەتی هەرێم گەلێ بەسوودو پڕ جۆش و خرۆش بوون".

راشیگەیاند: "یەکتر بینین و گفتوگۆکانمان لەگەڵ دۆست و سەرکردە کوردەکانمان گەلێ بەسود و پڕجۆش و خرۆش بوون، ئەم پەیوەندییانە ریشەی مێژوویی قوڵیان هەیە و دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت و سەردەمی قەیسەری رووس".

ئاماژەی بەوەشدا: "خانەوادەی بارزانی خێزانێکی زۆر باشن، هەر لە جەنابی مەلا مستەفاوە تا نەوەکانی، بارزانی نەمر لە سۆڤیەت 12 ساڵی تەمەنی بەڕێکرد و گەلێ یادەوەری پڕبایەخی تۆمارکردووە دوای خۆشی هەر یەک لە بەڕێزان سەرۆك بارزانی و نەوەکانی بارزانی مەسرور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی".

گووتیشی: "هەموولایەک هەر لە عێراق و ئێرانەوە بگرە تا بە سوریا و تورکیا دەگات لە بایەخی پەیوەندییەکانی رووسیا و کوردستان باش تێدەگەن، هەڵبەت لە روسیاش کۆمەڵەی کوردی هەیە کە کاریگەری خۆی هەیە و شایەنی رێزە".

ئاشکراشیکرد:  "جەنابی وەزیر لێرە، گرنگی ئەم سەردانە تەنها لە گۆڕینەوەی بیروبۆچووندا خۆی نابینێتەوە، بەڵکو پرسی کورد و ئاڵوزییەکانی عێراق، پرسی سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێ کرا، پاشان تیشک خرایە سەر پەیوەندییەکان بەگشتی لەگەڵ عێراق و لەتەک هەولێر بەتایبەتی، بەو پێیەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی رووسیی نەوت و گازو بوارەکانی تریش لێرەو لە خاکی کوردستان سەرکەوتووانە کاری خۆیان دەکەن".

لە بارەی سەردانی گەشتیاریی بۆ رووسیا، میخایل بەگدانۆڤ گووتی: "باس لەوە کرا کە بواری گەشت و گوزار پێویستی بە سەرەنج و بایەخی زیاترە، چونکە هەرێمەکە شایەنی سەرەنجی گەشتیار کێش دەکات و ھاووڵاتییانی كورد ئارەزووی گەشتی رووسیا دەکەن، بۆیە باس لە کردنەوەی هێڵی فڕۆکەوانی راستەوخۆ لەنێوان هەولێر و مۆسکۆ كرا".

H.J