حکوومەتی ھەرێم لەبارەی کشانەوەی ئەمەریکا و ئەگەری ھێرشی تورکیا بۆ باکووری رۆژھەڵاتی سووریا ھەڵوێستی خۆی راگەیاند
"لەوانەیە دۆخێك دروست بێت كه ببێتە هۆی گەڕانەوەی داعش و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵك"
K24- ههولێر:
حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی زۆری خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی ویلایهتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی ئارامی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و ئەو راپۆرتانەی باس لە ئەگەری هێرشی تاکلایەنەی تورکیا بۆ ئەو ناوچەیە دەکەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە تورکیا دەکات وەك ئەندامێکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هیچ هەنگاوێك نەهاوێژێت، كه کاریگەری نەرێنی لەو پێشکەوتنە بکات کە لە شەڕی دژی داعش بە دیهاتووە و مەترسی لە کۆنترۆڵ دەرچوونی چەکدارە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان هەبێت.
دەرەئەنجامەکانی هەر گرژبوون و پێشهاتێکی سەربازی، کاریگەری بۆ دەرەوەی سنووری سوریاش دەبێت و لەوانەیە دۆخێک دروست بکات، كه ببێتە هۆی گەڕانەوەی داعش و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵك. بۆیە زۆر پێویستە هەموو لایەنەکانی کێشەکە، بە هێزە کوردییەکانیشەوە، لە رێگەی گفتوگۆ و دایەلۆگەوە دۆخەکە هێور بکەنەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، پێویستە کێشەکان رێگەچارەیەکی سیاسی گشتگیریان بۆ بدۆزرێتەوە کە مافەکانی هەموو هاووڵاتییانی سوریا و لە نێویشیاندا کورد پارێزراو بن.
هەرێمی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش قوربانییەکی زۆری داوە و ئێستاش میوانداری ملیۆنێك و سەد هەزار ئاوارە و دەربەدەر دەکات، کە زۆربەیان لە دەست ئەو قەیرانەوە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە رێگا لە دروستبوونی لێشاوێکی دیکەی ئاوارەبوون بگرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا بەردەوام لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکات، لە رێگەی چەندین کەناڵیشەوە کار لەسەر ئەو پرسە دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠١٩/١٠/٨
H.B