سەرۆك بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر دەكات

هەردوولا نیگەرانیی خۆیان ده‌ربڕی

K24 – هه‌ولێر:

رۆژی چوارشەممە 9ـی10ـی2019 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئۆلیڤیێ دیكۆتینی كۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر كرد. 

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و دوا پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە، بەتایبەت ئەگەری شەڕ و ئاڵۆزیی زیاتر لە باکووری سووریا، تاوتوێ كرا و هەروەها بیروڕایش لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵۆگۆڕ كرا. 

لەكۆبوونەوەکەدا بە وردی باسی ئەو مەترسییانە کرا کە لەئەگەری روودانی شەڕ لە باکووری سووریا دێنە ئاراوە و لەم بارەیەوە سەرۆک بارزانی داوای کرد فەرەنسا وەک بەشێکی گرنگ لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر، بۆ رێگرتن لە روودانی کارەسات، رۆڵی خۆی بگێڕێت. 

هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا نیگەرانیی خۆیان لە ئەگەری قووڵتربوونی نەهامەتی و ئازارەكانی گەلی كورد و هەروەها ئاییندە و چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا نیشان دا.