سه‌رۆك بارزانی هه‌ڵوێستی له‌ باره‌ی ره‌وشی رۆژئاوای كوردستان راگه‌یاند

له‌ باره‌ی ئه‌گه‌ر و مه‌ترسییه‌كانی روودانی شه‌ڕ

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی هه‌ڵوێستی خۆی له‌ باره‌ی ره‌وشی رۆژئاوای كوردستان و ئه‌گه‌ر و مه‌ترسییه‌كانی روودانی شه‌ڕ و هێرشی سه‌ربازی سوپای توركیا بۆ سه‌ر باكووری سووریا و خۆرهه‌ڵاتی فورات راگه‌یاند.

له‌ تویتێكدا سه‌رۆك بارزانی  رایگه‌یاند، له‌ پێشهاته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ره‌وشی رۆژئاوای كوردستان نیگه‌رانین.

هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی: هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان رووبه‌ڕووی نه‌هامه‌تی زیاتر نه‌بنه‌وه‌.

سه‌رۆك بارزانی ئاشكراشیكردووه‌، بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخی رۆژئاوای كوردستان له‌ په‌یوه‌ندیداین.

ئه‌م په‌یامه‌ی سه‌رۆك بارزانی دوای ئه‌وه‌ دێت، دوێنێ ئه‌مه‌ریكا بڕیاریدا له‌ سووریا بكشێته‌وه‌ و كۆتایی به‌ مانه‌وه‌ی سه‌ربازی له‌ سووریا بهێنێت و هاوكات راشیگه‌یاند، رێگری ناكات له‌ هێرشی توركیا بۆ سه‌ر باكووری سووریا.

دوای بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئیداره‌ی زاتی و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات رایانگه‌یاند، ئه‌وان رووبه‌ڕووی هێرش و هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا ده‌بنه‌وه‌ و هه‌ڵوێسته‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكاشیان به‌ وه‌شاندنی خه‌نجه‌ر له‌ پشت هێزه‌كانیان وه‌سفكرد.

له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیش، فه‌ره‌نسا داوای له‌ توركیا كردووه‌، هیچ زیانێك به‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش نه‌گه‌یه‌نێت و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش دژایه‌تی خۆی بۆ هێرشی توركیا بۆ سه‌ر سووریا ده‌ربڕیوه‌.