25 فرۆكه‌ی توركیا رۆژئاوای كوردستان بۆردومان ده‌كه‌ن

هه‌سه‌ده‌ پشتڕاستیكرده‌وه‌

K24- هه‌ولێر:

هێزه‌كانی سووریای دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" ژماره‌ی ئه‌و فرۆكه‌ جه‌نگییانه‌ی توركیا ئاشكرا ده‌كات، كه‌ له‌ هێرشی سه‌ر رۆژئاوای كوردستان به‌كاریان ده‌هێنێت.

له‌ تویتێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌لایه‌تی تویته‌ر، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات رایگه‌یاند، له‌ چوارچێوه‌ی هێرشی توركیادا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، 25 فڕۆكه‌ی جه‌نگیی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی رۆئاوای كوردستان بۆردومان ده‌كه‌ن.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دوای ئه‌وه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا ده‌ستپێكردنی هێرشی سه‌ر رۆژئاوای كوردستانی راگه‌یاند، فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان و تۆپخانه‌كانی توركیا ده‌ستیان به‌ بۆردومانكردنی پێگه‌كانی هه‌سه‌ده‌ به‌ گشتی و یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل "یه‌په‌گه‌" له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی رۆژئاوای كوردستان كرد، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ترس و نیگه‌رانی له‌ناو خه‌ڵكی رۆژئاوای كوردستان بڵاو بووه‌وه‌ و به‌ هه‌زاران خێزان له‌ ناوچه‌كانی گرێ سپی و سه‌رێ كانیێ ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و روویان له‌ ناوچه‌كانی قامشلۆ، حه‌سه‌كه‌ و عاموودێ كرد.

H.B