"ئەوەی لە رۆژئاوای كوردستان روودەدات پیلانێكی نێودەوڵەتییە"
"ھێرشەكان پلان بۆ داڕێژراون"
K24 - ھەولێر
ئەندامێكی كۆمیتەی جێبەجێكاری تەڤدەم رایدەگەیەنێت "ئەوەی لە رۆژئاوای كوردستان روودەدات پیلانێكی نێودەوڵەتییە و ھیچ رێككەوتنێكی وڵاتان دژی كورد لەكاتی خۆی ئاشكرا نەكراوە".
ئاڵدار خەلیل، ئەندامی كۆمیتەی جێبەجێكاری بزووتنەوەی جڤاتی دیموكرات (تەڤدەم) لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "ھێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان پلان بۆ داڕێژراوە و پیلانێكی نێودەوڵەتییە".
ئاماژەی بەوەشكرد: "ھەموو ئەو رێككەوتنانەی دژی كورد كراون، ئەو وڵاتانە پێشتر ئاشكرایان نەكردووە كە رێككەوتنیان كردووە، بەڵكو چەند ساڵێك یان ماوەیەك دوای رووداوەكان دەركەوتووە كە ئەوەی كراوە رێككەوتن بووە".
خەلیل، راشیگەیاند: "ئەوەی جێگای سەرسوڕمانەوە ئەوەیە لە ساڵی 2011وە رۆژئاوای كوردستان تێدەكۆشێت و شەڕی تیرۆر دەكات".
رۆژی چوارشەممە سوپای توركیا ھێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد. بەگوتەی فەرماندەكانی ھەسەدە چەندین ھێرشی توركیایان بۆسەر گرێ سپی و سەرێكانی تێكشكاندووە. وەزارەتی بەرگری توركیاش رایگەیاندووە، كە ھێزەكانیان پێشڕەویان كردووە و چەند گوندێكی رۆژئاوای كوردستانیان كۆنترۆڵكردووە.
ھ.م