کۆمکاری عەرەبی: تورکیا دەیەوێت دیموگرافیای سووریا بگۆڕێت
کۆمکاری عەرەبی تورکیا بە داگیرکەر و دوژمنکار ناودەبات
K24 – ههولێر:
ئەحمەد ئەبول غەیس، سکرتێری کۆمکاری عەرەبی لە میانی کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی لەبارەی دۆخی سووریا رایگەیاند، تورکیا دەیەوێت ناوچەکە داگیر بکات و دیموگرافیای سووریا بگۆڕێت.
راشیگەیاند، کورد و عەرەب بۆ ئێمە وەک یەکەن و دەمانەوێت هەردووکیان بپارێزین.
ئاماژە بەوەشدا، بەداخەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هیچ کاردانەوەیەکی بۆ داگیرکارییەکانی تورکیا نەبووە کە دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 300 هەزار کەس.
لای خۆیەوە، نوێنەری میسر لە کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند، کارەکەی تورکیا دوژمنکارانەیە و وەکو داگیرکردنی وڵاتێکی عەرەبی سەیری دەکەین.
راشیگەیاند، تورکیا پشتیوانی لە تیرۆر کردووە و لە داگیرکردنی سووریا و سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆرستییەکان بەرپرسیارە.
وەزیری دەرەوەی ئوردن، ئیدانەی هێرشەکەی تورکیای کرد و داوای کرد چارەسەرێکی سیاسی بدۆزرێتەوە.
هۆشدارییشدا، بەهۆی هێرشەکانی تورکیا، کارەساتی مرۆیی دروست دەبێت و دەبێتەهۆی دووبارە سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆرستییەکان.
لای خۆیەوە نوێنەری سعوودییە گووتی، کارەکەی تورکیا دەستدرێژییە بۆ سەر یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری سووریا دەشێوێنێت.
ئاماژەی بەوەشدا، سعودییە پاڵپشتی لە یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و دەبێت پێکەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی سووریا کار بکەین.
H.J