توركیا ھەوڵی پچڕاندنی رێگای نێوان شارەكان دەدات
شەڕ لەنێوان شەڕڤانانی ھەسەدە و سوپای توركیا بەردەوامە
K24 - سەرێكانی
پەیامنێری كوردستان24، لە بەرەكانی شەڕ لە سەرێكانی رایگەیاند: "شەڕ و پێكدانان لە سەرێكانی و گرێ سپی لەنێوان شەڕڤانانی ھەسەدە و سوپای توركیا بەردەوامە و توركیا ھەوڵی پچڕاندنی رێگای نێوان شارەكانی رۆژئاوای كوردستان دەدات".
ئەمە لەكاتێكدایە روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هێزەکانی هەسەدە دوای کوشتنی 17 میلیشیای سەر بە تورکیا توانیان سەرێ کانی بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی روانگەی سووریا، هێزەکانی هەسەدە توانیان 17 میلیشیای تورکیا لە سەرێ کانی بکوژن و لەو جەنگەشدا، سێ شەڕڤانی هەسەدە گیانیان لەدەستداوە، شەڕێكی سەختیش بەردەوامە و هەسەدە کۆنتڕۆڵی سەرێ کانی کردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دوێنێ میلیشیاکانی سەر بە تورکیا پێشڕەویان کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ ناوچەی پیشەسازی شارۆچکەکە لە لایەن هەسەدە کۆنتڕۆڵکراوەتەوە و لە رێگا سنوورییەکان، جەنگ و بۆردومان بەردەوامە.
ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هۆشداریی دەدات، دۆخەکە مەترسیدارە و نزیکە لە کۆنترۆڵ دەربچێت.
پەیامێنری کوردستان24، لە نوێترین زانیاری ئاشکرایکردووە، فڕۆکەکانی تورکیا کامپی عەین عیسایان بۆردومان کردووە و هەوڵدەدات رێگای نێوان شارەکان ببڕێت.
سەرەڕای نیگەرانییەکان، هیچ ئاماژەیەک لەسەر ئاستی نێودوڵەتی بۆ وەستانی جەنگ لە رۆژئاوای کوردستان نییە و تا دێتیش ژمارەی ئاوارە و قوربانیان زیاتر دەکات.
ھ.م