به‌رپرسێكی باڵای كورد ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی هه‌سه‌ده و سوپای سووریا ئاشكرا ده‌كات
ئاڵدار خه‌لیل: هیچ كاتێك داوای جیابوونه‌وه‌مان نه‌كردووه و سه‌لماندوومانه له خه‌می یه‌كێتی خاكی سووریاداین
K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسێكی باڵای كورد له رۆژئاوای كوردستان، ته‌ئكید له‌سه‌ر یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی نێوان هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی و سوپای سووریا ده‌كا‌ته‌وه و ده‌ڵێت: "لێكتێگه‌یشتنه‌كه ته‌نها سه‌ربازییه و گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی خێرایه به‌رامبه‌ر هێرشه‌كانی توركیا و میلیشیا هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ سه‌ر باكوور و باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا".
ئاڵدار خه‌لیل، به‌رپرسی ناوه‌ندی په‌یوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای دیموكراتی له باكووری سووریا (ته‌ڤده‌م) له تویته‌ره‌وه نوسیوویه‌تی: "ئه‌و یاداشتی لێكتێگه‌یشتنه‌ی نێوان هه‌سه‌ده و سوپای سووریا و رووسیا، هه‌نگاوێكی خۆپارێزییه بۆ پارستنی سنووره‌كانی سووریا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر له پرۆژه‌ی خۆیدا دژی هه‌نگاوی له‌و جۆره نییه و ئه‌وه به ئه‌ركی حكوومه‌تی سووریا ده‌زانێت سنووره‌كان بپارێزێت".
به‌رپرسه‌كه‌ی ته‌ڤده‌م ده‌ڵێت: "لێكتێگه‌یشتنه‌كه ته‌نها سه‌ربازییه و پرسی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ری و شار و شارۆچكه‌كانی دیكه‌ی تێدا نییه، گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی خێرا بووه به‌رامبه‌ر هیرشه‌كانی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه".
ئاڵدار خه‌لیل ده‌ڵێت: "گه‌له‌كه‌مان له باكوور و باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا له هیچ قۆناغێكدا داوای جیابوونه‌وه‌یان نه‌كردووه له سووریا، به‌پێچه‌وانه‌وه سه‌لماندمان ئه‌وه‌ی پێویست بووه له پێناو یه‌كێتی خاك و كۆمه‌ڵگای سووریا كردوومانه".
رۆژی یه‌كشه‌ممه 13/10/2019 به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسه‌ر رایگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی سووریا رێككه‌وتووین بۆ ئه‌وه‌ی سوپای سووریا بگه‌ڕینه‌وه ناوچه كوردنشیینه‌كان و به‌درێژایی سنووری توركیا بڵاوده‌بنه‌وه".