ڤیدیۆ: لە یارییەکی خولی ئەڵمانی سەیروسەمەرەترین لێدانی سزا لە مێژووی تۆپی پێ گیرا
ڤار ناوبژیوانی لەو لێدانە سزایە سەیرە ئاگادارکردەوە
لە یارییەکی خولی ئەڵمانیا یەکێک لە سەیروسەمەرەترین لێدانە سزایەکانی مێژووی تۆپی پێ هەژمارکرا، بەهۆی هەڵەیەکی یاریزانێکی یەدەگ سیستەمی ڤار لێدانی سزایەکی سەیری هەژمارکرد.
لە خولی پلە دووی ئەڵمانیا لە یاریی نێوان هۆلستین کیل و بوخوم، لەوکاتەی گانفۆلا مبوسی هێرشبەری بوخوم شووتێکی ئاراستەی گۆڵی بەرامبەر کرد، بەبێ ئەوەی هیچ شتێک رووبدات، ڤار ناوبژیوانی یارییەکەی لە بوونی پێناڵتییەک ئاگادار کردەوە.
دوای دووبارەکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆی ئەو رووداوە دەرکەوت یاریزانێکی یەدەگی یانەی کیل لەسەر هێلی یاریگا لەناو ناوچەی سزای خۆیان پێی بەر تۆپ دەکەوێت، بەگوێرەی یاساکانی تۆپی پێش ئەمە لێدانی سزایە و دەبێت کارتی زەردیشی پێبدرێت.
ناوبژیوانی یارییەکە بڕیارەکەی ڤاری پەسەند کرد و لێدانی سزای بۆ بوخوم هەژمارکرد، مبوسی بە لێدانی سزا لە خولەکی 38 یانەکەی کردە خاوەنی گۆڵی یەکەم، کەچی لەکۆتاییدا یانەی کیل دوو گۆڵی کرد و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردنەوەی بەدەستهێنا.