خۆپێشاندانەکانی عێراق کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ھەرێمی کوردستان ههیه
کاریگەری نەرێنی لەسەر گفتوگۆکانی ھەولێر و بەغدا ھەبووە
K24- ههولێر:
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، رووداوەکانی ئەم دوایەی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستان دەبێت، ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆرانیش پێی وایە، خۆپێشاندانەکان کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرەوپێشچوونی گفتووگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەبووە.
لهكاتێكدا بەھۆی خۆپێشاندانەکانهوه، رۆژ دوای رۆژ دۆخی بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئاڵۆزتر دەبێت، بە رادەیەك کاریگەری لەسەر رەوتی بەرەوپێشوەچوونی گفتووگۆکانی نێوان ھەولێر بەغدا ھەبووە، لهمبارهشهوه ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی پێی وایە، باشترین چارەسەر بۆ ئەو دۆخە، گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردنی عێراق و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری خێرایە.
وێڕای راگەیاندنی چەندین خاڵی چاکسازی لە لاین سەرۆك وەزیرانی عێراقهوه، بهڵام نەتواندراوە خۆپیشاندنەران سارد بکرێنەوە، ئەوان سوورن لەسەر داواکردنی داوا و داخوازیەکانیان، بۆیە حکوومەتی عێراق ناچارە تەنھا سەرقاڵبێت بە چارەسەرکردنی داوای خۆپیشاندەران.
عەبدولرەحمان موھەندیس، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆرانیش لهو باوهڕهدایه، خۆپێشاندانەکانی عێراق کاریگەری نەرێنیی راستهوخۆی لەسەر بەرەوپێشچوونی گفتووگۆکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ھەبووە.
بهر له خۆپێشاندانەکان، ھەولێر و بەغدا لە رێککەوتن نزیك بوون و تیمە تەکنیکیەکان سەرقاڵی گفتووگۆ بوون، بەڵام ماوەیەکە ھیچ گفتووگۆیەك لە نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەنجامنەدراوە و ھەردوولا چاوەرێن، دوای کۆتاییھاتنی خۆپێشاندانەکان دووبارە گفتووگۆکانیان دەست پێبکەنەوە.
H.B