دادگای فیدڕاڵی عێراق له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی كورد كۆده‌بێته‌وه‌

"تا نەگەینە ئەنجام دەست لەو سکاڵایە هەڵناگرین"

K24 - هه‌ولێر:

18ی مانگی داهاتوو دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵای کورد لە بارەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆ دەبێتەوە و كوردستانيانى سنووری ماددەی 140 هەڵمەتێك رادەگەیەنن بە ناوی "با مافی دەنگدانمان هەبێت" و چەند داواکاریيەك دەدەنە پەرلەمانی کوردستان و دەشڵێن: "هەمواری ئەو بڕگەیە مەبەستێکی سیاسی لە پشتە و دژی کوردە".

نوێنەرانى دانيشتووانى سنووری ماددەی 140 سه‌ردانی په‌رله‌مانیان كرد و بڕیاریان داوه‌ هەڵمەتێك رابگەیەنن و دەڵێن: "دەمانەوێت مافی دەگدانمان هەبێت"،  کە بەهۆی هەمواری یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان هەزاران ئاوارە  له‌ ده‌نگدان بێبەش دەبن.

ئەوان داوا دەکەن لە هەرێمی کوردستان چەند سندووقێکی دەنگدان و بنکە هەبێت، تا ئاوارەکان بتوانن دەنگ بدەن، پێشیان وایە ئامانجی ئەم هەموارە سیاسییه‌ و دژی کوردە.

لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، به‌تایبه‌ت پارتی و لیژنەی ناوچە کوردستانیيەکان لە پەرلەمان، سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی دژی هەمواری یاساکە تۆمار کردووە، بڕیارە 18ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵاکانی کورد کۆ ببێتەوە. لیژنەکەش دەڵێت: "تا نەگەیەنە ئەنجام، دەست لەو سکاڵایە هەڵناگرین".