په‌رله‌مانتارێكی ئه‌رمینیا: توركیا له قڕكردنی گه‌لانی ناوچه‌كه به‌رده‌وامە
"پێشوازی لە بڕیارەكه‌ی گۆنگرێسی ئەمەریکا دەکەین"
K24 - مۆسكۆ
کۆنگرێسی ئه‌مەریكا، پڕۆژه‌یاسای كۆمه‌ڵكوژیی ئه‌رمه‌نه‌كانی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه په‌سه‌ند كرد. میخایل زۆلیانی ئەندامی پەرلەمانی ئەرمینیا تایبەت بۆ کوردستان24 دەڵێت: "دوای 100 ساڵ تورکیا ھێشتا لەسەر قڕکردنی گەلانی ناوچەکە بەردەوامە".
میخایل زۆلیانی، گوتی: "ئێمە پێشوازی لە بڕیارەكه‌ی گۆنگرێسی ئەمەریکا دەکەین، ئەم بڕیارە لەکاتی خۆی دواکەوت، بەڵام ئێستا کە به جینۆسایدی ئەرمەن له‌سه‌ر دەستی تورک ناسراوە، کارێکی زۆرباشە، هەرچەند ئێمە پێمان وایە ئەگەر ئەو بڕیارە پێشتر درابا، ئێستا ئەو داگیرکارییە زۆردارانەی دەوڵەتی تورکیامان بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نەدەبینی".
گوتیشی: "دەبینن تورکیا دوای 10 سال دەیەوێت گەلی کورد لەناوببات، هەڵوێستی ئێمە لە سەرەتای پرۆسەکەوە روون و ئاشکرا بووە، ئێمە له‌شكركێشی تورکیا بۆ باکووری سووریا و دژ به گەلی کورد ئیدانە دەکەین و هیوادارین ناساندنی جینۆسایدی ئەرمەنەکان ببێتە رێگری لە بەردەم پێشڕەوی تورکیا و هاوپەیمانەکانی لە پرۆسەی داگیرکاری باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا".
ھ.م