سەرۆکی بەرازیل هیوادارە ببنە ئەندام لە رێکخراوی OPEC
رێوشوێنی پێویست دەگرنە بەر
K24 – ههولێر:
جایر بۆلسۆنارۆ سەرۆکی بەرازیل رایەگیاند، هیوادارە وڵاتەکەی وەک ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک ببینێتەوە و ئاماژەی بەوەدا رێوشوێنی پێویست دەگرنە بەر بۆ ئەوەی ئەو هەوڵە بێتە دی.
بۆلسۆنارۆ لە کۆنفرانسی داڤۆسی بیابان لە ریاز رایگەیاند، لە چەند ساڵی داهاتوودا، بەرازیل دەبێتە پێنجەم یاخود شەشەم وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی خاو لە جیهان، ئەوەش بابەتێکی گرنگە و هاوکاری سەقامگیری بازاڕی نەوت دەکات، هەروەها هیواش دەخوازێت ببێتە ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک.
سەرپەرشتیاری دانیشتنی کۆنفرانسەکەش لەو بارەیەوە بە سەرۆکی بەرازیلی راگەیاند، کە دڵنیایە وەزیری وزەی سعوودیە بەو هەوڵە دڵخۆش دەبێت.
سەرۆکی بەرازیلیش لە وەڵامیدا گووتی، بێگومان لەو بارەیەوە گفتوگۆ دەکەین، بەڵام پێویستە وەزیرانی ئابووری و وزەی بەرازیلیش لەو بارەیەوە قسەیان هەبێت، کە هەمیشە لەگەڵ وەزیرەکانی گفتوگۆ دەکات بەر لەوەی لێدوان بدات، هاوکات گووتیشی گفتوگۆ تاکە رێگەیە بۆ بنیادنانی متمانە، بەڵام بە رای شەخی خۆی هیواخوازە بەرازیل ببنە یەکێک لە ئەندامانی رێکخراوی ئۆپێك.
H.J