قەرزی حکوومی ئەمەریکا ئاستێکی پێوانەیی تۆمار دەکات

لەسەرەتای دەستبەکاربوونی ترەمپ-ەوە قەرزی حکوومی ئەمەریکا 16% بەرزبووەتەوە

K24 - ھەولێر

بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، قەرزی حکوومی وڵاتەکە ئاستی 23 ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، ئەوەش یەکەم جارە لە مێژووی خۆیدا ئەو ئاستە تۆماربکات.

بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی گەنجینە، بڕی قەرزی گشتی قەبارەکەی 17 ترلیۆن دۆلارە هەروەها قەرزی دەزگاکانی حکوومیش گەیشتووەتە 6 ترلیۆن دۆلار.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ-ەوە قەرزی حکوومی بە رێژەی 16% زیادیکردووە، لە کاتێکدا ئەوکات 19.9 ترلیۆن دۆلار بوو.

زیادەی تێچووی قەرز و سوودی بانکی هۆکاری ئەو ئاستە بەرزەی کۆی قەرزی ئەمەریکایە، کە بۆ بودجەی وڵاتەکەشی قەرزکردووە، بە جۆرێک لە ساڵی دارایی 2019 حکوومەتی ئەمەریکا 376 ملیار دۆلاری بۆ تێچووی سوودی سەر قەرزەکان تەرخانکردبوو، هاوکات کۆی گشتی کورتهێنانی بودجەش لە ساڵی 2019 گەیشتووەتە 984 ملیار دۆلار.

ھ.م