نەشتەرگەرییەکی بەپەلە بۆ ئاندرێ گۆمێز دەکرێت

تووشی پێکانێکی سەخت بووە

ئەمڕۆ نەشتەرگەرییەکی بەپەلە بۆ ئاندرێ گۆمێزی ناوەڕاستکاری ئێڤەرتۆن ئەنجام دەدرێت، کە لە یاریی بەرامبەر تۆتێنهام هۆتسپێرس تووشی پێکانێکی سەخت بوو.

بەهۆی ئەو پێکانە ترسناکەی لە یاریی بەرامبەر تۆتێنهام هۆتسپێرس تووشی بوو، ئاندرێ گۆمێزی ناوەڕاستکاری ئێڤەرتۆن ئەمڕۆ دووشەممە نەشتەرگەریی بۆ ئەنجام دەدرێت، کە دوای پێکانەکەی شەوی رابردوو یەکسەر گەیەنرایە نەخۆشخانە.
یانەی ئێڤەرتۆن لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاندووە، ئەمڕۆ دووشەممە نەشتەرگەریی بۆ ئاندرێ گۆمێز دەکرێت و تەواوی پاڵپشتی خۆیشیان بۆ یاریزانەکەیان دەربڕیوە، بەڵام وادەی دوورکەوتنەوەیان لە یاریکردن دەستنیشان نەکردووە، کە لەوانەیە بەلایەنی کەم تاکو کۆتایی ئەم وەرزە داببڕێت.
یانەی بارسێلۆنا هیوای سەلامەتی بۆ گۆمێز خواستووە و دوای یارییەکەشیان جینک توسۆنی یاریزانی ئێڤەرتۆن کە دوای رووداوەکە گۆڵی بەرامبەربوونی بۆ ئێڤەرتۆن کرد، گوتی خۆزگە بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر دەدۆڕاین نەوەک گۆمێز وای بەسەر هاتبا.