کارلۆس ڤێلا بەپێش ئیبراهیمۆڤیچ کەوتەوە و بەباشترین یاریزانی خولی ئەمریکی هەڵبژێردرا
بووە گۆڵکاری خولەکەش
کارلۆس ڤێلا بە باشترین یاریزانی ئەم وەرزەی خولی تۆپی پێی ئەمریکی دەستنیشانکرا و خەڵاتی لاندۆن دۆنۆڤانی بۆ باشترین یاریزانی خولەکە پێبەخشرا.
لە یاریگای بانک ئۆف کالیفۆرنیا لە شاری لۆس ئانجلۆس، کارلۆس ڤێلا لەلایەن سەرپەرشتیارانی خولی ئەمریکی ناسراو بە ئێم ئێل ئێسەوە خەڵاتکرا، کە ئەو هێرشبەرە مەکسیکییە ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی لۆس ئانجلۆس ئێف سی 34 گۆڵی کرد و 15 گۆڵیشی دروستکرد، بەمەش %70ی رێژەی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بە باشترین یاریزانی وەرزی خولی ئەمریکی هەڵبژێردرا و بەپێش زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچی هێرشبەری لۆس ئانجلۆس گالاکسی کەوتەوە کە پلەی دووەمی بەدەستهێنا.
ڤێلای 30 ساڵان کە دووەم وەرزە لە خولی ئەمریکی یاریی دەکات و پێشتر لە ئارسێناڵ و ریال سۆسیداد و ئۆساسۆنا و وێست برۆمیچ ئالبیۆن یاریی کردووە، دووپاتیکردەوە دەیەوێت هەر لە یانەکەی بەردەوام بێت.
ڤێلا لەبارەی خەڵاتەکەیەوە گوتی 'سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم، ئەمڕۆ ئەم خەڵاتەم بەدەستهێنا کە بەرهەمی ئەو هەموو ماندوبوون و کۆشییە کە هەموو رۆژێک لە راهێنانەکان دەمکرد، زۆر دڵخۆشم بە بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە.
دەمەوێت زۆر سووپاسی هاندەرانی یانەکەم بکەم، چونکە ئەوان بوونە هۆی ئەوەی هەمیشە لە یانەکەم هەست بە ئاسوودەیی بکەم، رۆژانە پشتگیریان دەکردم، بۆیە پێموایە ئەم خەڵاتە خەڵاتی ئەوانیشە، بەڵێنیان پێدەدەم وەرزی داهاتوو هەموو توانایەکی خۆم بخەمە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین نازناوی خولەکە بەدەست بهێنین، کە ئەم وەرزە لە یاریی کۆتایی دۆڕاین'.