ماوەی دوورکەوتنەوەی گۆمێز ئاشکرا کرا و سۆنیش بەهۆی تێکچوونی باری دەروونی لە یاریکردن دادەبڕێت
تۆتێنهام داوا دەکات کارتە سوورەکەی سۆن هیونگ مین بسڕێتەوە
ماوەی دوورکەوتنەوەی ئاندرێ گۆمێز لە یاریکردن ئاشکراکراوە و سۆن هیونگ مینیش بەهۆی تێکچوونی دۆخی دەروونی لە یاریکردن دادەبڕێت.
یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی رایگەیاندووە، نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتوو بۆ پێی راستی ئاندرێ گۆمێز ئەنجامدرا، کە لە یاریی بەرامبەر تۆتێنهام هۆتسپێرس ئەو ناوەڕاستکارە پۆرتوگاڵییە تووشی پێکانێکی ترسناک بوو، پێی راستی بە سەختی شکا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئیسنتاگرام پەیامێکی ئاسراتەی گۆمێزی هاونیشتیمانی کردووە و هیوای سەلامەتی و زوو گەڕانەوەی بۆ خواستووە.
پێشبینی دەکرێت ئاندرێ گۆمێز لە شەش مانگ تاکو سالێک لە یاریکردن داببڕێت، سۆن هیونگ مینیش بەهۆی تێکچوونی باری دەروونی لەوانەیە سبەی چوارشەممە لە یاریی بەرامبەر سرڤینا زڤێزدا یاریی نەکات، کە بەرپرسانی یانە لەندەنییەکە پزیشکێکی دەروونیشیان راسپاردووە بۆ ئەوەی چارەسەری سۆن بکات، چونکە ئەو یاریزانە کە لە کاتی پێکانەکە زۆر بە قووڵی دەستی بە گریان کرد، بە دۆخێکی دەروونی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت و دیمەنی پێکانەکەی گۆمێز کاریگەریی خراپی بەسەر ئەو یاریزانەی تۆتێنهام بەجێهێشتووە.
یانەی تۆتێنهامیش بڕیاری داوە تانە لە کارتە سوورەکەی سۆن هیونگ مین بدات، چونکە ئەو یاریزانە کۆرییە هۆکاری سەرەکی پێکانە ترسناکەکەی گۆمێزی 26 ساڵان نەبوو، بۆیە یانەی تۆتێنهام داوا دەکەن کارتە سوورەکەی سۆن بسڕێتەوە.