ریال مەدرید وەکو جاران نەماوە.. ئێستا چەکە بەهێزەکەی چرووک دەکات
265 رۆژە ریال مەدرید هیچ گۆڵێکی بە لێدانی راستەوخۆ نەکردووە
لەوەتەی دانی سێبایۆس لە سەرەتای ئەمساڵ بەرامبەر ریال بیتیس ئەم گۆڵەی کردووە، ریال مەدرید هیچ گۆڵێکی دیکەی بە لێدانی راستەوخۆ نەکردووە، زیدان چەکێکی کاریگەریی تیپەکەی لەدەست داوە و تاکو ئێستا نازانێت ئەرکی جێبەجێکردنی لێدانە راستەوخۆیەکان بە کامە یاریزانی یانەکەی بسپێرێت.
265 رۆژە ریال مەدرید چەکە بەهێزەکەی جارانی چرووک دەکات، نزیکەی ساڵێکە مێرێنگی بە لێدانی راستەوخۆ هیچ گۆڵێکی نەکردووە، بەمەش مەدریدییەکان چەکێکی کاریگەرییان لەدەست داوە.
دوایین گۆڵی ریال مەدرید رۆژی 13ی یەنایەری ئەمساڵ بوو، کاتێک دانی سێبایۆس دوای 19 هەوڵی شکستخواردووی توانی یەکەم گۆڵ بە لێدانی راستەوخۆ بۆ ریال مەدرید بکات و لە دوایین خولەکەکانی یاریی بەرامبەر ریال بیتیس بەو گۆڵەی بردنەوەی بۆ یانەکەی بەدەستهێنا.
لەوەتەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ رۆیشتووە، ریال مەدرید بە تەواوەتی لە لێدانە راستەوخۆیەکان پەکی کەوتووە، دۆن لە 313 هەوڵی 32 گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ کرد.
ریال مەدرید لە دوایین پێنج ساڵدا، لە کۆی 191 لێدانی راستەوخۆ کە ئاراستەی گۆڵ کرابن، تەنیا 14 گۆڵی کردووە، لەکاتێکدا لیۆنێل میسی لەو ماوەیەدا بە تەنیا20 گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ کردووە.
لەوانەیە گاریس بەیل یەکێک بێت لە باشترین بژاردەکانی زیدان بۆ ئەوەی ئەم ئەرکەی پێبسپێرێت، ئەو یاریزانە وێلزییە لە 68 هەوڵی چوار گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ بۆ ریال مەدرید کردووە.
بەمدواییانە کاسیمێرۆ و تۆنی کرووس و سێرخیۆ رامۆس بژاردەکانی زیدانن بۆ جێبەجێکردنی لێدانی راستەوخۆ، بەڵام تاکو ئێستا ئەو یاریزانانە نەیانتوانیوە سەرکەوتووانە ئەرکەکەیان رابپەڕێنن و هیچ گۆڵێکیان پێنەکراوە.