بەهۆی خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەسێک لە سلێمانی دەستگیر کرا

چەند هونەرمەندێک سکاڵایان لەسەر تۆمار کردبوو

K24 – سلێمانی:

پۆلیسی سلێمانی کەسێکی دەستگیركرد كە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە تەشهیر و ناوزڕاندنی بەچەند هونەرمەندێك كردبوو.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی: "دوای ئەوەی چەند هونەرمەندێك سكاڵا لەسەر تۆمەتباری نادیار تۆمار دەكەن كە لە رێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتییەوە ناویانی زڕاندووە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی كوردستان لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردوو دوای بەدواداچوونێكی ورد و ئاشكراكردنی تۆمەتبار، توانرا (م ، أ ، ج ) لەدایكبووی 1992 دانیشتوی شاری هەولێر لەشاری سلێمانی دەستگیربكرێت".

ئاماژە بەوەشکراوە: "لە ئێستادا تۆمەتبار بە فەرمانی بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 2ی خراپ بەكار هێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".

 H.J