مێسی ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی پێوانه‌یی له‌گه‌ڵ كریستیانۆ یه‌كسان كرده‌وه
كریستیانۆ به 9 ساڵ و مێسی به 16 ساڵ ئه‌نجامیدا
K24 - هه‌ولێر:
لیۆنێل مێسی ئه‌ستێره‌ی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتینی و یانه‌ی بارسێلۆنای ئیسپانی، له یاری نێوان یانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سێلتافیگۆ، توانی هاتتریك تۆمار بكات، به‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی دیكه‌ی پێوانه‌یی له‌گه‌ڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ یه‌كسان كرده‌وه.
یارییه‌كه له گه‌ڕی 13ی چوارچێوه‌ی خولی لالیگای ئیسپانی بوو، تێیدا بارسێلۆنا به ئه‌نجامی 4 گۆڵ به‌رامبه‌ر به گۆڵێك له سێلتافیگۆی برده‌وه، كه 3 گۆڵی یانه كاتالۆنییه‌كه له‌لایه‌ن مێسییه‌وه تۆماركران.
گۆڵی یه‌كه‌می مێسی له خووله‌كی 23 بوو به لێدانی سزا، هه‌ردوو گۆڵه‌كه‌ی دیكه‌ش، له ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سزا له خووله‌كانی 46 و 48 ئاراسته‌ی گۆڵی یانه‌ی به‌رامبه‌ر كرا.
به گوێره‌ی تۆڕی "ئۆبتا"، مێسی ژماره‌ی هاتریكه‌كانی له‌گه‌ڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ یه‌كسان كرده‌وه، كه به هه‌مان شێوه خاوه‌ن 34 هاتریكه.
ئه‌وه‌ی جیاوازه كریستیانۆ ته‌نها له ماوه‌ی 9 ساڵدا خاوه‌نی ئه‌و نازناوه‌یه كه له ساڵی 2018ه‌وه یانه‌ی مه‌دریدی ئیسپانی به‌ره‌و یۆڤانتۆسی ئیتاڵی جێهێشتووه، هه‌رچی مێسیشه، له ماوه‌ی 16 ساڵی یاریكردن توانی ئه‌و ژماره هاتتریكه تۆمار بكات.
ئ. م