لەسەر دزینی ئۆتۆمبێل كەسێك لە سلێمانی دەستگیر كرا
پۆلیسی سلێمانی: ئۆتۆمبێلەكەی لە ھەولێر ھێناوە
K24 - سلێمانی
تۆمەتبارێك لەسەر دزینی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی دەستگیر كرا و دەستیش بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەكەدا گیرا. پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئۆتۆمبێلەكەی لە ھەولێر دزیووە و ویستوویەتی لە سلێمانی بیفرۆشێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد: "مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركردوو دەستیش گیرا بەسەر ئۆتۆمبێلێكدا كە لەشاری هەولێرەوە هێنرابووە شاری سلێمانی بە مەبەستی ساغكردنەوەی. دوای ئەوەی هاوڵاتییەك لە شاری هەولێر سكاڵای تۆمار كرد كە ئۆتۆمبێلەكەی لێ براوە، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی زانیارییان پێگەیشت كە ئۆتۆمبێلەكە بەرەو شاری سلێمانی دەهێنرێت بەمەبەستی فرۆشتنی، دەستبەجێ مەفرەزەكان گەیشتنە شوێنی مەبەست و توانرا لە گەڕەكی تاسڵوجە لەشاری سلێمانی شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ئۆتۆمبێلەكەدا".
ئاماژە بەوەشكراوە: "لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە كراوەتەوەو دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان دۆسیەكە رەوانەی پۆلیسی هەولێر دەكرێتەوە".
ھ.م