ژنێك لەلایەن ھاوسەرەكەیەوە لە دەڤەری راپەڕین بریندار كرا

پۆلیس زانیاری لەبارەی رووداوەكە دەخاتەڕوو

K24 - رانیە

لە ناحیەی حاجیاوای دەڤەری راپەڕین ژنێك لەلایەن ھاوسەرەكەیەوە بە گولـلە بریندار كرا و پۆلیسش رایدەگەیەنێت، رێكاری یاسای گراوەتەبەر.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا: "دوانیوەڕۆی رۆژی 2019/11/10 ژنێك لە ماڵە كەی خۆی لە ناحیەی حاجیاوا بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک لە لایەن هاوسەرەكەیەوە بریندارکرا. دوای ڕووداوی تەقە كردنەكە دەست بەجێ هێزەكانمان لە بنكەی پۆلیسی ماكۆك گەیشتنە شوێنی رووداوەكە، بریندارە كە بەڕێكرا بۆنەخۆشخانە گشتی رانیە و دوای چارەسەری پێویست لە نەخۆشخانە گەڕایەوە ماڵەوە".

ئاماژە بەوەشكراوە: "رێکاری یاسایی گیرایەبەر و بە وتەی ژنەکە رووداوەکە لە کاتێکدابووە لە ماڵەکەی خۆیان لەگەڵ هاوسەرەکەی لەسەر کێشەیەکی نێوان خۆیان لێیان بووە بە دەمەقاڵێ و هاوسەرەکەی دوو فیشەکی تەقاندووە بەر دەستی ژنەکەی کەوتووە".

پۆلیسی راپەڕین ئەوەشی خستووتەڕوو: "مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە. کەمێک دوای رووداوی تەقەکردنەکە هاوسەری ژنکە خۆی رادەستی هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک کرد. ژن و مێردەکەش تەمەنیان لەسەروی 18 ساڵە و دانیشتوی ناحیەی حاجیاوان. بە بڕیاری دادوەر هاوسەری ژنەکە بە پێی مادەی 31/405 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیرا و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە".

پەیامنێری كوردستان24 لە ناوچەكە لە زاری بەرپرسانی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند: "لایەكی دیكە و ئەمڕۆ گەنجێکی تەمەن34 ساڵ پیشە کاسب لەناوچەی پیشەسازی رانیە گەیەنرایه بەشی فریاکەوتنی رانیە کە ئاسەواری فیشەک بە سنگیەوە هەبوو، دوای چارەسەری سەرەتایی بە رێکرا بۆ نەخۆشخانەکانی سلێمانی، بەوتەی کەسە نزیکەکانی لەلایەن براکەیەوە کەباری دەرونی ناجێگیرە تەقەی لێکراوه".

ھ.م