فه‌رمانی ده‌ستگیركردن بۆ راكان جبووری و 6 به‌رپرسی دیكه‌ی كه‌ركووك ده‌رچوو
دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه سه‌ردانی بینایه‌ی پارێزگا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كان كۆ بكاته‌وه
K24- هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی رایگه‌یاند، رێككاری تایبه‌تیان بۆ لێكۆڵینه‌وه له دیارنه‌مانی بڕێكی زۆری ئه‌و پاره‌یه كردووه، كه بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ شار و ناوچه رزگاركراوه‌كانی سنووری كه‌ركووك له ده‌ست داعش ته‌رخان كراوه و له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئه‌و شاره‌وه به پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كان به‌هه‌ده‌ردراوه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "بڕێكی زۆری ئه‌و پاره‌یه له میوانداری به‌هه‌ده‌ر دراوه، كه تایبه‌ت به ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ قه‌زا و ناوچه و ناحیه رزگاركراوه‌كان له ده‌ست چه‌كدارانی داعش ته‌رخان كرابوو، به‌مه‌ش پێشێلی رێنماییه‌كانی جێبه‌جێكردنی بودجه‌ی گشتی ساڵی 2018ـی عێراق كراوه".
ده‌سته‌ی ناوبراو دووپاتیشیكرده‌وه، "لێكۆڵینه‌وه سه‌ره‌تاییه‌كان و گوێگرتن له قسه‌ی شایه‌تحاڵه‌كان گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئه‌و بڕه پاره‌یه پێچه‌وانه‌ی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی خه‌رجكراوه".
روونیشیكرده‌وه، "تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی له‌و دۆسییه‌دا راكان جبووری، پارێزگاری ئێستای كه‌ركووكه و دادوه‌ری دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌ركووك به‌گوێره‌ی مادده‌ی "340" له یاسای سزاكانی عێراق فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ئه‌و و 6 به‌رپرسی دیكه‌ی پارێزگا ده‌ركردووه، كه بریتین له سكرتێری پارێزگار، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی پارێزگار، به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌شه‌كانی وردبینی، ژمێریاری و گرێبه‌سته‌كان و سه‌رۆكی لێژنه‌كانی یه‌كه‌م و دووه‌می كڕین له پارێزگا".
له به‌یاننامه‌كه‌ی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیدا هاتووه، "دادوه‌ر فه‌رمانی راگرتنی تۆمه‌تباره ناوبراوه‌كانی ده‌ركردووه و بڕیاریداوه سه‌ردانی بینایه‌ی پارێزگا بكات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانی خه‌رجیی میواندارییه‌كان بهێنێت و لێپرسینه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ به‌شی سه‌رچاوه مرۆییه‌كانی كه‌ركووك و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی كاره‌بای ئه‌و پارێزگایه‌ش ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له دۆخی یاسایی سێ له كه‌سه نزیكه‌كانی جبووری دڵنیا بێته‌وه، ئاخۆ فه‌رمانبه‌ری هه‌میشه‌یی ئه‌و دوو فه‌رمانگه‌یه‌ن یان نا".
H.B