بەغدا سێ مانگە جۆرە دەرمانێك بۆ ھەرێمی كوردستان نانێرێت
ئەوانەی گورچیلەیان چاندووەتەوە رۆژانە پێویستیان پێیەتی
K24 - رانیە
وەزارەتی تەندروستی عێراق ماوەی زیاتر لە سێ مانگە دەرمانێكی گورچیلە، بۆ نەخۆشخانەكانی ھەرێمی كوردستان نانێرێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، زیاتر لە سێ مانگە وەزارەتی تەندروستی عێراق دەرمانی ( نیوڕاڵ ساندیمۆن)ی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردوە و نەمانی ئەو دەرمانە کاریگەری خراپی بۆ سەر تەندروستی ئەو نەخۆشانە هەیە کە گورچیلەیان چاندووەتەوە.
دکتۆر نەوزاد قادر، بەڕێوبەری کۆگای دەرمانی رانیە بە کوردستان24ی راگەیاند: "دەرمانی ساندیمۆن لە هەرێم کوالێتی کۆنتڕۆڵی نییە و نرخەکەشی گرانە، هەندێک جار تاکو 100 هەزار دینار دەچێت ، بۆیە بەغدا دابینی دەکات، بەڵام ماوەیەکی زۆرە بەغدا ئەو دەرمانەی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە".
خەبات یاسین حەمەد، یەکێکە لەو نەخۆشانەی کەمتر لە ساڵێکە گورچیلەی چاندووەتەوە، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "پێشتر ئەو دەرمانەمان لە نەخۆشخانەکانی گورچیلە وەرگرتووە، بەڵام زیاترلە سێ مانگە دەڵێن نەماوە، دەرمانەكە بۆ نەخۆشانی گورچیلە گرنگە و ئەوانەی گورچیلەیان چاندووەتەوە تا کۆتایی ژیانیان پێویستە رۆژانە دەرمانە بەکار بێنن، بەکار نەهێنانی مەترسی بۆ سەر ژیانمان هەیە".
ئاماژەی بەوەش کرد: "لە دەرمانخانەکان ئەو دەرمانە رێگە بە فرۆشتنی نادرێ، چونکە دەڵێن کوالێتی کۆنتڕۆڵی نییە و دەستمان ناکەوێ".