لەبارەی دەنگۆی "فڕێدانی ژنێكی بەساڵاچو لە ھەولێر" روونكردنەوە دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر روونكردنەوە دەدات

K24- ھەولێر

لەبارەی دەنگۆی فڕێدانی ژنێكی بەساڵاچوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و چەند كەناڵێكی راگەیاند. بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر روونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە و ئاشكرای دەكات "بۆ جاری سێیەمە ئەو ژنە دەگەڕێننەوە ماڵی بە ساڵاچوان، بەڵام فێری سواڵكردن بووە، دەڕواتەوە سەر شەقامەكان ئەمەش لەگەڵ رێنماییەكانی ماڵی بەساڵاچوان ناگونجێ".

لە راگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی هەولێر دەڵێ: "شەوی رابردوو 15 تشرینی دووەمی 2019، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و چەند كەناڵێكی راگەیاندن بڵاو كرایەوە، بەساڵاچوویەك بەناوی "عەیشێ" فڕێدراوە لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەولێر. ئەو ئافرەتە پێشتر هێنرایە ماڵی بەساڵاچوان، بەڵام دوای دوو مانگ ماڵی بەساڵاچوانی لەسەر داوای خۆی بەجێهێشت. دواتر بۆ جاری دووەم لە لایەن تیمی ماڵی بەساڵاچوان جارێكی تر هێنرایەوە بۆ ماڵی بەساڵاچوان، بەڵام جارێكی تر دوای مانەوەی بۆ ماوەی چوار مانگ ماڵی بەساڵاچوانی جێهێشت".

لە راگەیەندراوەكە ھاتووە: "پێویستە بگوترێت بەداخەوە ئەو ئافرەتە بەساڵاچووە فێرە سواڵكردن بووە و دەیەوێت بۆ سواڵكردن بچێتە دەرەوەی خانەی بەساڵاچوان دواتر بگەڕێتەوە، ئەوەیش لەگەڵ رێنماییەكان ناگونجێت و هەموو كاتێك كێشەی ئەوەی هەبوو لەگەڵ فەرمانبەرانمان كە رێگەیان پێنەداوە سواڵ بكات. وەكو ئەركێكی مرۆیی بۆ جاری سێیەم هێنرایە ماڵی بەساڵاچوان بەر لە پێنج مانگ بەبێ پرس ماڵی بەساڵاچوانی جێهێشت، هەروەها سەعات 10ی شەوی رابردوو دوای بڵاوكردنەوەی هەواڵی فڕێدانی ژنێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان جارێكی تر لەلایەن تیمێكی ماڵی بەساڵاچوان ئەو ژنە گەڕێندرایەوە ماڵی بەساڵاچوان".