مه‌سرور بارزانی: حه‌ق یه‌كه‌ و ئایینه‌كان رێگاكانێتی

سه‌رۆكی حكوومه‌ت داوایه‌ك له‌ پێكهاته‌ ئاینییه‌كان كوردستان ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، له‌ كاتی پێشوازیكردن لە شاندێکی پێکهاتە ئایينییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ به‌ قسه‌یه‌كی مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رۆمی ده‌كات‌ كه‌ زۆر كاریگه‌ری له‌سه‌ر درووستكردووه‌ و له‌ ڤیدیۆیه‌كدا كه‌ له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت، ئه‌و قسه‌یه‌ی مه‌ولانا جه‌لاله‌دینی رۆمی زۆر كاریگه‌ری تێكردووم، كه‌ گوتوویه‌تی: "حه‌ق وه‌كو لووتكه‌ی شاخێك وایه‌، چه‌ندین رێگا هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌یته‌ ئه‌و لووتكه‌یه‌"، له‌لای منیش ئه‌و رێگایانه‌ هه‌موو ئایینه‌كانن، به‌ڵام حه‌ق یه‌ك شته‌، ئه‌مانه‌ هه‌مووی یه‌كتری ته‌واو ده‌كه‌ن، هه‌ر یه‌كێك له‌م پێكهاته‌ ئایینییانه‌ له‌گه‌ڵ مه‌بده‌ئی پێكه‌وه‌ژیان و رێزگرتن له‌گه‌ڵ یه‌كتر نه‌بوونایه‌ ده‌یانتوانی زۆر كێشه‌ درووست بكه‌ن".

هه‌روه‌ها داوا له‌ ئاماده‌بوان ده‌كات، ئه‌وه‌ی تا ئێستا كوردستانی پێوه‌ ماوه‌ته‌وه‌ و به‌ جوانی توانیوویه‌تی خۆی له‌ دونیا پێ بناسێنێ، ئه‌و جوانی و پێكه‌وه‌ ژیانه‌یه‌ و به‌رده‌وامبن له‌سه‌ری.

مه‌سرور بارزانی ئه‌و قسانه‌ی بۆ ئه‌ندامانی ئه‌و شاندە كردبوو كه‌ له‌ نوێنەری ئایينەکانی ئیسلام، مەسیحی، ئێزیدی، کاکەیی، زەردەشتی، سابيئەی مەندایی و بەهائی پێکهاتبوون و گفتوگۆیان له‌ بارەی پەرەپێدانی بەیەکەوەژیانی ئایینی و لێبوردەیی لە هەرێمی کوردستان کرد.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە ئایینەکان تەواوکەری یەکترن و ئامانجیان رێنیشاندانی مرۆڤە بۆ رێگەی راست. گوتیشی: "یەکێك لە رووە گەشەکانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان کە هەمیشە مایەی شانازی ئێمە و ستایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، ئەو بەیەکەوەژیان وتەباییەیە کە لە نێوان پێکهاتە ئاینییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە".

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە کە کوردستان نیشتمان و ماڵی هەموومانە و پێویستە هەموومان کار لەسەر گەشەپێدانی هزری میانەڕەوی و بەیەکەوەژیان لە هەرێمی کورستان بکەین و هەموو رۆژێکمان رۆژی بەیەکەوەژیان و لێبوردەیی بێت.