له‌ سلێمانی دوو كه‌س به‌ تۆمه‌تی مامه‌ڵه‌كردن به‌ سیمكارتی بێ سه‌ره‌تا ده‌ستگیركران

سیمكارته‌كانیان له‌ هه‌ولێر كڕیوه‌

K24 – سلێمانی:

بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ پاش بەدواداچون ‌و کۆکردنەوەی‌ زانیاری‌ لەسەر دوو تۆمەتبار بەناوەکانی‌ "ب. س. م" لەدایکبوی‌‌ (1989) و "د. ئـ. ک" لەدایکبوی‌‌ (1985) كه‌ دانیشتووی‌ شاری‌ سلێمانین‌ و خه‌ریكی‌ كڕین‌ و فرۆشتنی‌ سیمكارتی‌ بێ سه‌ره‌تا بون كه‌ به‌ "علوج" ناسراوه‌، رۆژی (19/11/2019)، له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌كانی‌ بنکەی‌ پۆلیسی‌ سەرچنارەوە دەستگیرکران.

له‌ راگه‌یه‌ندراوی به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كه‌دا هاتووه‌: "ئەو دوو تۆمەتبارە زیاتر لە (150) سیمکارتی‌ ئاسیاسێڵی‌ بێ سەرەتایان لەشاری‌ هەولێرەوە بۆ شاری‌ سلێمانی‌ هێنابوو بەمەبەستی‌ ساغکردنەوەی‌ لە بازارەکانی‌ شاری‌ سلێمانیدا".

روونیشیكرده‌وه‌، "لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەر و بەپێی‌ ماددەی‌ (240) لە یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ راگیراون‌ و لەلایەن بنکەی‌ پۆلیسی‌ سەرچنارەوە پەڕاوی‌ لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخراوە".