سووریا یەکەم کارگەی دەرمانی شێرپەنجە دەکاتەوە
یەکەم کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمانی کیمیاییە بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە لە ناوچەی عەرەبیدا
K24 - ههولێر:
حکوومەتی سووریا یەکەم کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجەی کردەوە، کە مەبەست لێی دابینکردنی دەرمانی پێویستە بۆ هەزاران تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجە لە وڵاتەکە.
نزار یازجی، وەزیری تەندروستی سووریا یەکەم کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجەی لە شاری دەرعای سووریا کردەوە کە سەر بە کۆمپانیای ناوەندی پیشەسازی دەرمانە "مینفارما".
هاوکات بە گوتەی وەزیری تهندرووستی سووریا، ئەو کارگەیە دەرمانی پێویست بۆ هەزاران تووشبووی شێرپەنجە لە سووریا دابیندەکات.
لە لایەن خۆیەوە عەدنان جەعفۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای "مینفارما" رایگەیاند، ئەوە یەکەم کارگەی بەرهەمهێنانی دەرمانی کیمیاییە بۆ چارەسەرکردنی شێرپەنجە لە ناوچەی عەرەبیدا کە سەرجەم ئەزموونی کارەکان هێزی ناوخۆی سووریایە.
بە گوتەی بەرپرسانی دیمەشق، ئەو کارگەیە بازاڕی ناوخۆ پڕدەکاتەوە هەروەها دەتوانێت بەرهەمەکانی بۆ بازاڕەکانی ناوچەی عەرەبی هەناردە بکات، واتە دەتوانێت داهاتێکی گەورەی ئابووریش بەدەست بخات.
ئ. م