ئێران داوای 2 ملیار دۆلار لە رووسیا دەكات
تاران چەند پڕۆژەیەك ئەنجام دەدات
K24 - ھەولێر
ئێران داوای قەرزێك بە بڕی 2 ملیار دۆلار لە رووسیا دەكات بە ئامانجی پارەداركردنی كۆمەڵێك پڕۆژە لە وڵاتەكەی.
ئەلیكساندەر نۆڤاك، وەزیری وزەی رووسیا ئاشكرایكردووە، ئێران بە مەبەستی پارەداركردنی كۆمەڵێك پڕۆژەی تایبەت بە دروستكردنی وێستگەی گەرما و كارەبا بە وزەی ئاویی و ھەروەھا ھێڵی ئاسنین و چەندینی دیكە، داوای قەرزێك بەبڕی دوو ملیار دۆلار دەكات.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێران باس لەوە دەكات كە لە 2015دا بەڵێنیان پێدراوە 5 ملیار دۆلاریان وەك قەرز پێبدرێت، ھەر ئەوەشە وایكردووە كە ئێستا وەك سەرەتا دوو ملیار دۆلار داوا بكەن.
ئەمە لەكاتێكدایە ئێران بەھۆی سزاكانی ئەمەریكاوە دووچاری قەیرانێكی گەورەی دارایی بووەتەوە و لەم دواییەدا حكوومەتی ئێران ناچار بوو بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە نرخی بەنزین بەرزبكاتەوە و لە ئەنجامدا خۆپیشاندانی گەورەی لێكەوتەوە.