سوپای تورکیا بارەگایەکی سوپای سووریا بۆردومان دەکات

"چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن هەوڵی دەسدرێژکردنە سەر ژنان دەدات'

K24 – هه‌ولێر:

توركیا بارەگایەكی سوپای سووریا لە دەورووبەری تل تەمر بۆردومان دەكات و خەڵكی گرێسپیش ئاگر بەردەدەنە بارەگایەكی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزیسیۆن.

روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردووەتەوە، فرۆكە بێ فرۆكەوانەكانی توركیا بنكەیەكی سوپای سووریای لە گوندی تەل تەویل لەسەر رێگەی تل تەمر - مناجیر بۆردومان كردووە و لە ئەنجامدا دوو سەربازی سوپای سووریا بریندار بوون.

وەك روانگە ئاماژەی بۆ كردووە، فەرمان بۆ سوپای سووریا چووە كە نەچێتە نێو شەری ھەسەدە و توركیا و یەك گوللەش ئاراستەی لایەنی توركیا نەكات.

لای خۆیەوە ئاژانسی سانای سەر بە حكوومەتی سووریا رایگەیاندووە، یەكینەكانی سوپای سووریا چوونەتە خاڵێكی نوێ لە گوندی عالیا لە رۆژئاوای تەل تەمر بە مەبەستی بەردەوامی پەیوەندییەكانی نێوان ھێزەكانی لە حەسەكە و رەققە.

هەروەها، میدیای نزیك لە ھەسەدە بڵاوی كردووەتەوە، ھاووڵاتییانی گرێسپی لە كردەوەكانی چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆن تووڕەن، بەوەی ھەوڵ دەدەن دەستدرێژی بكەنە سەر ژنانی دەڤەرەكە، بۆیە دانیشتووانی گەڕەكی جسر ئاگریان بەرداوەتە بارەگایەك و لە ئەنجامدا سێ چەكدار كوژراون.

لای خۆیەوە روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاوی كردووەتەوە، زانیاریان لەبەردەستە كە چەكدارانی سەربە گروپەكانی ئۆپۆزیسیۆن بازرگانی بە تەرمی خەڵك دەكەن.

 H.J