ھەسەدە گوندێكی سەر بە عەین عیسای كۆنتڕۆڵكردەوە

بارەگایەكی گرووپە چەكدارەكان لە گرێ سپی سوتێنرا

K24 - ھەولێر

ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) گوندێكیان لەدەست چەكدارانی سەر بە توركیا كۆنترۆڵ كردەوە و بارەگایەكی چەكدارەكانیش لەلایەن ھاووڵاتیانی سڤیل لە گرێ سپی سوتێندرا.

بەگوێرەی میدیاكانی نزیك لە ھەسەدە، شەڕێكی سەخت لەنێوان ھەسەدە و گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لە گوندی سەیدای سەر بە عەین عیسا كە لە دەست چەكداراندا بووە رویداوە و ھەسەدە توانیویەتی گوندەكە لەدەست ئەو گرووپانە دەربێنێ.

ئاماژە بەوەشكراوە، گوندەكە دەكەوێتە رۆژئاوای كەمپی عەین عیسا و سێ رۆژ لەمەوبەر لەلایەن گرووپە چەكدارەكان گیرابوو.

لەلایەكی دیكە خەڵكی گرێ سپی ئاگریان لە بارەگایەكی چەكدارانی سەر بە توركیا لە شارۆچكەكەیان بەردا.

میدیاكانی رۆژئاوای كوردستان بڵاویان كردەوە، ھاووڵاتییانی گرێ سپی لە كردەوەكانی چەكدارانی ئۆپۆزیسیۆن تووڕەن، بەوەی ھەوڵدەدەن دەستدرێژی بكەنە سەر ژنانی دەڤەرەكە، بۆیە دانیشتووانی گەڕەكی جسر ئاگریان بەرداوەتە بارەگایەك و لە ئەنجامدا سێ چەكدار كوژراون.

لای خۆیەوە روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردووەتەوە، زانیاریان لەبەردەستە كە چەكدارانی سەربە گروپەكانی ئۆپۆزیسیۆن بازرگانی بە تەرمی خەڵك دەكەن.

ھ.م