حکوومەتی هەرێم: دەبێت پێشێلکارانی مافەکانی ژنان سزا بدرێن و پشتگیری لە قوربانیان بکرێت

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی خۆی بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان دووپاتدەکاتەوە

K24 – هه‌ولێر:

لە رێوڕەسمی چالاکییەکانی هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وتاری سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی خوێندەوە.

رێبەر ئەحمەد لە خوێندنەوەی وتارەکە رایگەیاند: "ئەمڕۆ رۆژی جیهانییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان، ئەو رۆژەیە کە دەبێت بە بیر خۆمانی بهێنینەوە کە دەبێت کۆتایی بە یەکێک لە بەربڵاوترین پێشێلکارییەکانی دژ بە مافەکانی مرۆڤ بهێنین".

راشیگەیاند: "کەمترین دانپێدانان بۆ ئەم جۆرە پێشێلکارییانە دەکرێت، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵمەتی نیشتمانی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان رادەگەیەنین کە لەم ماوەیەدا چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچێت".

ئاماژەی بەوەشدا، هەموو ساڵێک لە هەرێمی کوردستان ئەم هەڵمەتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان را دەگەینین و دڵنیاشتان دەکەینەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەم هەڵمەتە و هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ بۆ نەهێشتنی توندوتیژی بەگشتی و بە تایبەتی دژی رەگەزی مێینە و کارکردن لە پێناو پەرەپێدانی کەلتووری رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و یەکسانیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی توندوتیژی خێزانیی".

وەزیری ناوخۆ داواشی لە رێکخراوە مەدەنییەکان، رێکخراوەکانی ژنان، مامۆستایانی ئاینی و میدیاکان کرد هاوکاریی حکوومەت بکەن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیارییەکان و خەباتی ژنانی کوردیشی لە بزووتنەوەی رزگاری خوازی کوردستان بەرزنرخاند.

ئەوەشی خستەڕوو کە حکوومەتی هەرێم چەند چاکسازییەکانی لە ماوەکانی رابردوو ئەنجامداوە، ئەوانیش، بە تاوان ناساندنی کوشتنی ژنان، بەرزکردنەوەی تەمەنی شوکردن و نەهێشتنی فرەژەنی.

لەگەڵ ئەوەش وەزیری ناوخۆ رایگەیاند کە هێشتا پێشێلی مافەکانی ژنان لە رێگای بەزۆر بە شوودان، خەتەنەکردن، گێچەڵی سێکسی، سوکایەتی و کوشتن دەکرێتەوە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دەمانەوێت پەیامێکی روون بگەیەنن کە ئەوەیش دەبێت توندوتیژی دژی ژنان بوەستێت. دەبێت ئەنجامدەرانی توندوتیژی سزا بدرێن و پشتگیری قوربانیان بکرێت.

H.J