داھاتی نەوتی عێراق بۆ مانگێك ئاشكرا دەكرێت
لە 6 ملیار دۆلار زیاترە
K24 - ھەولێر
وەزارەتی نەوتی عێراق كۆی ھەناردە نەوتییەكان و داھاتەكانی بۆ مانگی تشرینی یەكەم دەخاتەڕوو.
عاسم جیھان، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كرد، مانگی رابردوو كۆی ھەناردەی نەوتی خاو زیاتر لە 106 ملیۆن و 859 ھەزار بەرمیل بووە و داھاتەكەی دەگاتە زیاتر لە 6 ملیار و 120 ملیۆن دۆلار.
ئاماژەی بەوەشدا، كۆی بڕی ھەناردەكراو بۆ مانگی تشرینی یەكەم لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە 103 ملیۆن و 540 ھەزار بەرمیل، داھاتەكەی دەگاتە زیاتر لە 5 ملیار و 944 ملیۆن دۆلار، تایبەت بە بڕی ھەناردەكراو لە نەوتی كەركووك لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە گەیشتووەتە 2 ملیۆن و 579 ھەزار بەرمیل بە داھاتەكەی دەگاتە زیاتر لە 148 ملیۆن و 263 ھەزار دۆلار.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت، بڕی نەوتی ھەناردەكراو لەلایەن 35 كۆمپانیای جیھانی جیاجیاوە ئەنجامدراوە.