گواردیۆلا: هه‌ست ده‌كه‌ین نازناوی پرێمه‌رلیگمان له‌ده‌ستداوه
گواردیۆلا كێشه‌ی گه‌وره‌ی تیپه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات
پێپ گواردیۆلا رایگه‌یاند بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك به‌هۆی پێكانه‌وه بێبه‌ش ده‌بن له تواناكانی سێرخیۆ ئاگوێرۆ، ده‌شڵێت: دێڤید سیلڤا و رۆدری سه‌لامه‌تن و بۆ ئه‌م یارییه ئاماده‌ن.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، له پرێس كۆنفرانسێك له باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی شاختار له چامپیۆنزلیگ، پێپ گواردیۆلا راهێنه‌ری مانچێسته‌ر سیتی دووركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌گوێرۆی بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی راگه‌یاند گوتیشی: سێرخیۆ ئه‌گوێرۆ له چه‌ند یارییه‌ك ئاماده نابێت، به دیاریكراوی نازانم چه‌ند یارییه، به‌ڵام چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك دوور ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌گوێرۆ پێكانی له رانی هه‌یه، هیچ یاریزانێكی دیكه‌ی پێكراومان نییه، دێڤید سیلڤا و رۆدری له یارییه‌كه‌ی به‌رامبه‌ر چێڵسی به‌هۆی گرژبوونی ماسولكه‌یی گۆڕانكاریم پێكردن، ئه‌وان سه‌لامه‌تن.
گواردیۆلا گوتیشی: له‌م وه‌رزه ئه‌گوێرۆ كه‌مێك زیاتر له گابریێل خیسۆس یاریی كردووه، هه‌وڵ ده‌ده‌م له یارییه‌كان به‌شداری به هه‌ردووكیان بكه‌م، ئه‌وان یاریزانی ته‌واو پێگه‌یشتوون، له بێبه‌ختی له ئه‌گوێرۆ بێبه‌ش ده‌بین، ئه‌م وه‌رزه به‌هۆی پێكانه‌كان تووشی كێشه‌ی زۆر بووین به‌تایبه‌ت پێكانه گه‌وره‌كانی لیرۆی سانێ و لاپۆرت.
گواردیۆلا له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه له ئێستادا هه‌ست به هیچ فشارێك ناكه‌ین، ده‌شڵێت: ته‌نیا هه‌ست ده‌كه‌ین ئه‌م وه‌رزه نازناوی پرێمه‌رلیگ له‌ده‌ست ده‌ده‌ین.