ماوریزیۆ ساری: كریستیانۆ حه‌قی خۆیه‌تی توڕه بێت
ساری: ناتوانم هیگواین، دیبالا و كریستیانۆ له‌یه‌ككاتدا به‌یه‌كه‌وه یاری بكه‌ن
ماوریزیۆ ساری راهێنه‌ری یوڤێنتۆس له پرێس كۆنفرانسێك له باره‌ی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی ئاتڵێتیكۆ مه‌درید ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه تاكو ئێستا تیپه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی نایاب یاریی ده‌كات و ده‌شڵێت: ده‌مانه‌وێت به‌رده‌وام بین له‌و ئاسته به‌رزه، چونكه بواری زیاتر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی باشتر بین.
ماوریزیۆ ساری گوتیشی: به‌رامبه‌ر ئاتڵێتیكۆ مه‌درید پێویست ناكات دوودڵ بین كه ئه‌وان چی ده‌كه‌ن، ئه‌وان تیپێكی قوڕسن، به‌ڵام پێویسته بیر له گرنگی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه‌كه‌مان بكه‌ینه‌وه، ئه‌و كاره‌ی سیمیۆنی له‌گه‌ڵ ئاتڵێتیكۆ مه‌درید كردوویه‌تی شایه‌نی چه‌پڵه‌لێدانه بۆ ئه‌و راهێنه‌ره.
ساری ده‌شڵێت: په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ رۆناڵدۆ زۆر باشه، یاریزانێك كه هه‌موو نازناوێكی بردۆته‌وه ئاساییه له كاتی ده‌رهێنانی له یاریگه توڕه بێت، مانای ئه‌وه‌یه ئه‌م یاریزانه جۆش و خرۆشێكی زۆری هه‌یه بۆ یاریكردن و سوڕبوون بۆ سه‌ركه‌وتن، ئه‌مه شتێكی ئه‌رێنیه.
ساری گوتیشی: رۆناڵدۆ ئێواره‌ی دوێنێ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی به‌شداری راهێنانه‌كانی كرد، به‌ڵام ده‌بێت جارێكی دیكه هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ دۆخه‌كه‌ی بكه‌ین، به‌هه‌مان شێوه دڵنیا نین له یاریكردنی دێ لیخت و بێرناردێسكی.
ساری زیاتر ده‌ڵێت: یاریكردن له یه‌ك كاتدا به هیگواین و دیبالا و رۆناڵدۆ كه‌مێك قوڕسه چونكه هه‌ریه‌كه‌ی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌م سێ یاریزانه ده‌زانن چۆن یاریی بكه‌ن و ئاستێكی به‌رز پێشكه‌ش بكه‌ن، ئه‌وان له‌گه‌ڵ یه‌كتر زۆر ئاسووده‌ن.
