چین زۆرترین نەوتی عێراق دەكڕێت
پیترۆچاینا، ئاینی و ئێكسۆن موبیل زۆرترین نەوتی عێراقیان كڕیوە
K24 - ھەولێر
كۆمپانیای سۆمۆ رایگەیاندووە، لە ماوەی مانگی تشرینی یەكەمدا، كۆمپانیاكانی چین زۆرترین كڕیاری نەوتی عێراق بوون.
كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوت سۆمۆ لە رێگەی بڵاوكردنەوەی داتا فەرمییەكانەوە ئاماژەبەوە دەدات، لە ماوەی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا ژمارەی كۆمپانیاكانی چین لەنێوان كۆمپانیاكانی دیكەی جیھان زیاتر بووە لە رووی كڕینی نەوتی عێراق بەجۆرێك لە نێوان ھەر 22 كۆمپانیای كڕیاری نەوتی عێراقی، 6 یان چینی بوون.
راشیگەیاند، كۆمپانیاكانی ھیندستان لە پلەی دووەمدا ھاتوون بە تێكڕای 4 كۆمپانیا، دواتر ئەمەریكییەكان بە تێكڕای 3 كۆمپانیا و یۆنانییەكان بە 2 كۆمپانیا، ئەوەی كە دەمێنێتەوە دابەشكراوەتەوە سەر كۆمپانیاكانی كۆریای باشوور، میسر، پۆرتوگال، رووسیا، مالیزیا، توركیا و ئیتاڵیا و دیارترینی كۆمپانیاكان پیترۆچاینای چینی و ئاینی ئیتاڵی و ئێكسۆن موبیلی ئەمەریكی بوون.