بەھای ترانزێتی كاڵا لە رێگەی باشماخ دەگاتە زیاتر لە 2 ملیار دۆلار

"لە كۆی 59 گومرگ لە ئێران باشماخ لە پلەی دووەمدا دێت لە رووی ترانزێتەوە"

K24 - ھەولێر

بەھای ترانزێتی كاڵا لە رێگەی دەروازەی سنووری باشماخ لەنێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە 2 ملیار دۆلار.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگەكانی ئێران لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ھەواڵی فارس رایگەیاند، قەبارەی پرۆسەكانی ترانزێتی كاڵای نانەوتی لە رێگەی دەروازەی سنووری باشماخ لەنێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران لە مانگی ئادارەوە تا ئێستا گەیشتووەتە 567 ھەزار تۆن.

جەختیشیكردەوە، بەھای ترانزێتی كاڵاكان گەیشتووەتە 2 ملیار و 112 ملیۆن دۆلار و بەو جۆرەش لە كۆی 59 گومرگ لە ئێران، باشماخ لە پلەی دووەمدا دێت لە رووی ترانزێتەوە.

ھەروەھا جەختی لە قەبارەی بازرگانی دەرەكی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان كردەوە كە لە ماوەی 7 مانگی ئەمساڵدا 3 ملیار و 184 ملیۆن دۆلاری تۆماركردووە.