فیلمی "مردن لە نێوان ژیاندا" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کازان نمایشکرا
کورتەفیلمی "مردن لە نێوان ژیاندا"، کە لە نووسین و دەرهێنانی رێکار بارزانە، لە خولی 22ـیەمینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کازان لە کۆماری تاتارستانی رووسیا نمایشکرا.
چوارشەممە 9ـی ئەیلوولی 2026، رێکار بارزان، دەرهێنەری کورتەفیلمەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند: "کورتەفیلمی مردن لە نێوان ژیاندا پێشتر چەندین خەڵات و دەستکەوتی بەدەستهێناوە، لەوانەش خەڵاتی باشترین فیلمی کورتەی عێراقی کە بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە. ئێستا فیلمەکە بە نوێنەرایەتی کوردستان لە بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی کازان نمایشکرا."
بارزان لەبارەی گرنگیی فێستیڤاڵەکە گوتی: "فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کازان کە لە ساڵی 2005 دامەزراوە، یەکێکە لە فێستیڤاڵە دیارەکانی رۆژهەڵات. فێستیڤاڵەکە ساڵانە ژمارەیەکی زۆر فیلم لە وڵاتانی جیاواز کۆدەکاتەوە و ئامانجی سەرەکیی بەهێزکردنی پەیوەندییە کولتووری و هونەرییەکانە لە رێگەی سینەماوە."
دەرهێنەری فیلمەکە بەشداریکردنی بەرهەمەکەی لەو فێستیڤاڵەدا بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ ناساندنی سینەمای کوردی دانا و روونیکردەوە، هەڵبژاردنی فیلمەکە بۆ بەشی پێشبڕکێ دەرفەتێکە بۆ ئەوەی چیرۆک و دەنگی سینەمای کوردی بگاتە بینەرانی زیاتر لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان و توانای فیلمسازانی کورد لە بەرهەمهێنانی فیلمی کورت پیشان بدات.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی فیلمەکە، رێکار بارزان روونیکردەوە: "فیلمەکە چیرۆکی گەنجێک دەگێڕێتەوە کە بارودۆخی ژیان و بەربەستەکان ناچاری دەکەن کۆچی نایاسایی هەڵبژێرێت. لەو رێگەیەدا ئەو گەنجە تەنیا سێ ئەگەری لەبەردەمدایە، کە بریتین لە رزگاربوون، مردن یان گەڕانەوە، ئەمەش وای لێدەکات بۆ دۆزینەوەی ژیانێکی باشتر، رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار ببێتەوە."
خولی 22ـیەمینی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کازان لە کۆماری تاتارستانی رووسیا، لە 4ـی ئەیلوولی 2026 دەستی پێکرد و بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو.
