قازانجی کۆمپانیا پیشەسازییەکانی چین كهمیكردووه
هۆکارەکەی دابەزینی خواستی بەکاربەران و هەناردەی وڵاتەکەیە
K24 – ههولێر:
قازانجی کۆمپانیا پیشەسازییەکانی چین لە مانگی تشرینی یەکەم گەورەترین دابەزین لە هەشت مانگی رابردووی تۆماردەکات، کە هۆکارەکەی دابەزینی خواستی بەکاربەران و هەناردەی وڵاتەکەیە. ئەوەش بەڵگەیە لەسەر سستبوونەوەی گەشەی چین بەهۆی ناکۆکییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئەمریکا.
بەگوێرەی داتاکانی نووسینگەی نیشتمانی بۆ ئامار، قازانجی ساڵانە لە مانگی ئۆکتۆبەر بە رێژەی 9.9% لەسەر بنەمای ساڵانە بۆ 427.56 ملیار یوان دابەزیووە کە دەکاتە 60.74 ملیار دۆلار. ئەوەش گەورەترین دابەزینی وڵاتەکەیە لە مانگی شوباتی رابردووەوە. هاوکات لە مانگی ئەیلوولیش 5.3% دابەزینی تۆمارکردبوو.
هەروەها پێنوێنی نرخی بەکاربەران لە مانگی ئۆکتۆبەر، کە بە پێنوێنێکی سەرەکی بۆ قازانجی کۆمپانیاکان دادەنرێت، گەورەترین دابەزینی لە سێ ساڵی رابردووی تۆمارکرد، کە هۆکارەکەی دابەزینی ماددە خامەکانە، هەروەک لە پێنوێنی بەڕێوەبەرانی فرۆشی پیشەسازیش بە دیارکەوت کە بۆ شەشەمین مانگ لەسەر یەک لە مانگی ئەیلوول دابەزی، ئەوەش بەهۆی دابەزینی هەناردەی نوێ بۆ 17 مانگ لەسەر یەک.
لە لایەکی دیکەشەوە خەرجی کۆمپانیا پیشەسازییەکان لە مانگی رابردوو بە رێژەی 4.9% لەسەر بنەمای ساڵانە بۆ 66.74 ترلیۆن یوان بەرزبووەوە، بەراورد بە مانگی ئەیلوول 5.4% بەرزبوونەوەی تۆمارکردبوو، هاوکات قازانجی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتیش لە مانگی کانوونی دووەم بۆ تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بە رێژەی 0.1% بۆ 5.3% دابەزیووە.