ئاستی به‌رهه‌می نه‌وتی میسان ده‌گاته‌ 650 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌

بە هەوڵی نیشتمانی و گەڕەکانی مۆڵەت بەخشین ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبووەتەوە

K24 – هه‌ولێر:

کۆمپانیای نەوتی میسان رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 650 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە بەرزبووەتەوە.

عەدنان نوشی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای نەوتی میسان رایگەیاند، بە هەوڵی نیشتمانی و گەڕەکانی مۆڵەت بەخشین ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبووەتەوە، هاوکات چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاریش تەواوکراون.

بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای میسان گوتیشی:  چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاریان کردووەتەوە، سوودی کۆمەڵایەتی دەبێت، ئەوەش لە  چوارچێوەی گرێبەستێکی کێڵگەی بەزرکانی نەوتییە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانای سینۆکی چینی واژووکراوە، بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی رێگەی دەرەکییەکان و دامەزراندنی وێستگەی ئاوی خواردنەوە و چەند پڕۆژەیەکی دیکە، کە لەلایەن ئەو کۆمپانیا چینییەوە بە دوو قۆناغ ئەنجامدەدرێت و بەشێکی تەواو بووە، گوژمەی پڕۆژەکانیش 12 ملیۆن دۆلارە.

هەروەها عەدنان نووشی ئاماژەی بەوەشداوە، کۆمپانیای پێترۆچاینا کە لە کێڵگەی حەلفایەی نەوتی لە قەزای كەحلا کاردەکات چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی 18 ملیار دینار ئەنجامدەدات کە تا ئێستا لە ژێر کارکردندان و لە ماوەیەکی نزیکدا دەکرێنەوە. ئەوانەش لە چوارچێوەی چالاکییەکانی پارێزگای میسانن.

لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەداوە، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی ژێر دەسەڵاتیان لە پارێزگای میسان بۆ نزیکەی 650 هەزار بەرمیل نەوت بەرزبووەتەوە، ئەوەش بۆ کۆششی ناوخۆیی و گەڕەکانی مۆڵەت بەخشین بە کۆمپانیاکان دەگەڕیتەوە. بە جۆرێک کۆمپانیای پێترۆچاینای چینی رۆژانە 400 هەزار بەرمیل و کێلگەکەکانی دیکەش لە پارێزگای میسانیش رۆژانە زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن.