ئۆپێک كار بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نه‌وت ده‌كات

نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە دوای ئاداری ساڵی داهاتوو بژاردەی سەرەکیان دەبێت

K24 – هه‌ولێر:

رێکخراوی ئۆپێک لە توێژینەوەدایە بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و ده‌یه‌وێت ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ سێ یاخود شەش مانگی دیکە درێژ بكاته‌وه‌.

ئاژانسی تاسی رووسی ئاشكرایكردووه،‌ نوێکردنەوەی رێککەوتنەکە دوای ئاداری ساڵی داهاتوو بژاردەی سەرەکیان دەبێت، پێشبینی ناکەن ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر دابەزێنن. ئەوەشی روونکردووەتەوە، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیه‌ رێککەوتنەکە بۆ شەش مانگی دیکە درێژ بکەنەوە.

یەکێک لە سەرچاوەکان بەو ئاژانسە رووسیەی راگەیاندووە، ئەگەری هەیە رێککەوتنە سێ مانگی دیکە دوای مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو واتە تا مانگی حوزەیرانی 2020 درێژبکرێتەوە.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە، نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ تاسی رووسی ئاماژەی بەوەداوە کە دوای رێککەوتنەکە کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجامدەدرێت، تێیدا بڕیار دەدەن کە چی پێویستە بوو ئه‌نحامی بده‌ن لە داهاتوودا.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی رایگەیاند، پێویستە ئەندامانی ئۆپێک لە کۆبوونەوەی داهاتوویان بڕیاری گونجاو بدەن و ئابووری جیهان لەبەرچاو بگرن کە ئێستا لە داڕمانە.

فاتح بیرۆڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی  رایگەیاند، "بڕیار بە دەست وڵاتانی ئۆپێکە، بەڵام ئەوەی دەیبینێت گوشارەکان لەسەر ئەندامانی رێکخراوی ئۆپێک و رووسیا زۆرە ، ئەوەش بۆ بەهێزی ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە دەگەڕێتەوە وەک ئەمریکا، بەرازیل، نەرویج و گانا و وڵاتانی دیکە".

هاوکات هه‌فته‌ی رابردووش ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، بۆ سەقامگیری بازاڕی نەوت، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە هاوکاری کردن لە هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس.

ئەمە لە کاتێکدایە، 5ی مانگی داهاتوو، کۆبوونەوەی وەزیرانی نەوت لە ڤیەننا بەڕێوەدەچێت، تێیدا تاوتوێی سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی ئابووری جیهان، هەروەها شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن رووسیا رازی نەبێت لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان و هۆکارەکەشی بۆ پێویستییەکانی سووتەمەنی لە وەرزی زستاندا دەگەڕێننەوە.